د. محەممەد شوکری: کابینەی نۆیەم ڕژدە لە بەرەو پێشچوونی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵ

K24 – هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم زۆر ڕژدە لەوەی کوردستان لە زۆر بواردا بەرەوپێشەوە بچێت، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ، کە پێویستمان بە تەکنەلۆجیای نوێ و ڕێگەی نوێی کشتوکاڵی هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لوتکەی وەبەرهێنان لە ئەبوزەبی  بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەشداری کردنی ئێمە وەکو دەستەی وەبەرهێنان بە لۆگۆی تایبەتی کوردستان و بە ئاڵای تایبەتی کوردستان کە وەکو لایەنێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان وەکو دەوڵەتێک و بەشێک لە عێراق و دواتر وەکو لایەنێکی وەبەرهێنان جیاواز سەیرکراوە، بەشداریمان لەم لووتکەیە کردووە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "ئەم لووتکەیە هەنگاوێکی زۆرکاریگەر و ڕژدی هەیە، بۆ داهاتووی وەبەرهێنان لە کوردستان، ئەوەی لێرە دانراوە بۆ پیشاندانی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانە لە کوردستان و هەمیش بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سەرنج لەسەر وەبەرهێنان بکەین بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێمە پێویستیمان پێیان هەیە".

گوتیشی: "هەرێمی کوردستان دەرفەتی وەبەرهێنانی گرنگی زۆری هەیە، سەرۆکوەزیران زۆر ڕژدە لەوەی کە ئێمە لە زۆر بواردا بەرەوپێشەوە بچین، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ، کە پێویستمان بە تەکنەلۆجیای نوێ و ڕێگەی نوێی کشتوکاڵی هەیە".

محەممەد شوکری دەشڵێت: "لە کەرتی گەشتوگوزار پێویستمان بە پڕۆژەی زۆر باش هەیە، هەروەها پێویستمان بە کوالێتی بەرزی گەشتوگوزار هەیە. لە بورای پیشەسازی و پیشەسازی خۆراکیش بەهەمان شێوە لەگەڵ بواری ئاو و بوارەکانی دیکەش. کە دەرفەتی زۆر گەورە و گرنگی هەرێمی کوردستانن، لێرە نیشان دەدرێن".

ڕاشیگەیاند، "توانای وەبەرهێنانیش لە هەرێمی کوردستان گرنگە بەتایبەت، بابەتی ڕێگەوبان، بابەتی ئاسان گەیشتن بە بازاڕە لەگەڵ بازاڕی فراوان لە عێراق، هەرێمی کوردستان دەکرێت ببێتە لایەنێک بۆ بەرهەمهێنان و عێراقیش سوود لەوبازاڕە وەربگرێت، هەموو ئەمانە دەرفەتی گەورەن کە ئێمە دەتوانین لەم کۆنفڕانسە کە 175 دەوڵەت تێیدا بەشدارە، بە بەشداربوونی 12 هەزار کەس لەم لووتکەیە، دەتوانرێت لەم ڕێگەوە خەڵکی و وڵاتانی دیکەش هەرێمی کوردستان باشتر بناسرێت، وەکو وەبەرهێنانەێکی باش بۆ داهاتووی کۆمپانیا جیهانییەکان".