سوپای پاسداران: تاوەکو ئێستا 71 درۆنی ئەمریکامان خستووەتە خوارەوە
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی هێزەکانیان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی و جەنگیی سوپای ئەمریکای لە جۆری (MQ-1) لە ئاسمانی دوورگەی قشم لە نزیک گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە، کە بە گوتەی ئەوان پانزەهەمین درۆنی لەو جۆرەیە دەکرێتە ئامانج؛ هاوکات تاوەکو ئێستا 71 درۆنی پێشکەوتووی جەنگی و سیخوڕیی ئەمریکامان خستووەتە خوارەوە
چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، درۆنە ئەمریکییەکە لە رێگەی سیستەمی نوێ و پێشکەوتووی هێزی هەوافەزای سوپای پاسداران و لە ژێر چاودێریی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە لە ئاسمانی دوورگەی قشم شوێنپێی هەڵگیراوە و تێکشکێنراوە.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەیدا واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی لە چەند شەوی ڕابردوودا جموجۆڵە هەواڵگری و سیخوڕییەکانی چڕ کردووەتەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی پێگەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین "کردەوەی گوماناوی" لە گەرووی هورمز بە ئامانجی کارکردنە سەر دۆخی ناوچەکە و دابەزاندنی نرخی جیهانیی نەوت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو هەوڵانەی ئەمریکا لە لایەن یەکەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی و بەرگریی ئاسمانیی هێزی هەوافەزای سوپای پاسدارانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و پووچەڵ کراونەتەوە، و خستنەخوارەوەی ئەم درۆنەش بە بەشێک لەو ئۆپەراسیۆنە بەرپەرچدەرانەیە دادەنرێت.
سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە ڕێگەی چاودێریی بەردەوام و زیرەکانەی کایەی دەریایی گەرووی هورمزەوە سەلماندوویەتی کە کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی ئەم رێڕەوە ستراتیژییە لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندایە، و هەر هەوڵێکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ گۆڕینی هاوکێشە سەربازی و ئەمنییەکان لەو ناوچەیەدا سەرکەوتوو نابێت.
بەپێی ئامارێکی فەرمی کە لە لایەن پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، تاران ئاماژە بەوە دەکات کە لە رێگەی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانی و سیستەمە نوێیە پێشکەوتووەکانیەوە، توانیویەتی زیانێکی گەورە بە توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگەیەنێت.
بەگوێرەی داتاکانی سوپای پاسداران، کۆی گشتیی ئەو درۆنانەی تێکشکێنراون دەگاتە 71 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی سیخوڕی و جەنگی، کە بەم شێوەیە پۆلێن کراون:
درۆنی پێشکەوتووی جۆری (MQ-9): 56 فڕۆکە تێکشکێنراون.
درۆنی جۆری (MQ-1): 15 فڕۆکە خراونەتە خوارەوە.