سەرچاوەیەک: حزبوڵڵای عێراق دەستی بەسەر گرێبەستەکانی فڕۆکەخانەکاندا گرتووە
سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، دەسەڵاتە دادوەری و چاودێرییەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی، لێکۆڵینەوەیەکی فراوانیان لەبارەی گومانی گەندەڵیی ملیۆنان دۆلار و باڵادەستیی حزبوڵڵای عێراق بەسەر گرێبەستەکانی نەوت، پیشەسازیی سەربازی و کەرتی فڕۆکەوانی دەستپێکردووە.
چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی تایبەت بە کەناڵی ئەلعەرەبییەی راگەیاند: دەسەڵاتدارانی عێراق لێکۆڵینەوەیەکی فراوانیان لەبارەی هەژموون و کۆنتڕۆڵی حزبوڵڵای عێراق بەسەر کۆمەڵێک گرێبەستی ستراتیژیی کەرتی نەوت، بە تایبەت گرێبەستەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەستپێکردووە.
بە پێی زانیاریی سەرچاوەکە، پشکنین و بەدواداچوونەکان تەنیا کەرتی نەوتیان نەگرتووەتەوە، بەڵکو دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراقیش لەژێر لێکۆڵینەوەی ورددایە سەبارەت بە دەستوەردان و زاڵبوونی حزبوڵڵای عێراق بەسەر ژمارەیەک گرێبەست و پڕۆژەی ئەو دەستەیەدا.
وەک ئەوەی سەرچاوەکە ئاماژەی پێکردووە، لە کەرتی خزمەتگوزاری و گواستنەوەدا، دەستەی دەستپاکی عێراق لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی گومانی گەندەڵیی گەورە چڕ کردووەتەوە، کە بەهای ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت لە چوارچێوەی گرێبەستە پێدراوەکانی وەزارەتی گواستنەوە و فڕۆکەخانەکانی عێراق.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەشێکی بەرچاو لە لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی پەیوەستن بە کۆنتڕۆڵکردنی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆی ئەو گرێبەستانەی کەرتی فڕۆکەوانی و گواستنەوە لە لایەن گرووپی حزبوڵڵای عێراقەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدایە بۆ بەدواداچوونی بەهەدەردانی سامانی گشتی و دەستبەسەرداگرتنی داهاتەکانی دەوڵەت لەلایەن لایەنە نافەرمییەکانەوە.