لە تورکیا ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران و دووانیان پۆلیسن

ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە تورکیا
ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە تورکیا

K24 – هەولێر

لە ئۆپراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری عوسمانییەی ئەو وڵاتە ژمارەیەک بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران و دەنگۆ هەیە لە نێوان دەستگیرکراوەکاندا دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان هەن.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە شاری عوسمانییەدا هێزە ئەمنییەکان چوار کەسیان بە تۆمەتی قاچاچێتی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردووە کە 61 کیلۆ ماددەی هۆشبەریان پێبووە.

هەر لەمبارەوە ناوەندی فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکانی شاری عوسمانییە بڵاویکردووەتەوە، لە چواچێوەی ئۆپراسیۆنەکاندا لە 29ی نیسان تاوەکوو 5ی ئایاری 2024 توانراوە 13 گومانلێکراو دەستگیر بکەن لەگەڵ دەستگرتن بە سەر 61 کیلۆ ماددەی هۆشبەر و 47 پارچە حەبی هۆشبەر.

وەزیری ناوخۆی تورکیا و ناوەندی فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای عوسمانییە هیچ زانیارییان لە بارەی ئاشکراکردنی ناسنامەی دەستگیرکراوەکان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە دەنگۆی دەستگیرکردنی دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان تورکیا دەکەن کە لە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە تێوەگلاون.

بە گوێرەی سەرچاوەکان ئەو دوو پۆلیسە لەو کاتەی هەوڵیانداوە بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە ماردینەوە بۆ ئەدانە ببەن، لە ڕێگەی نێوان ئەو شارە دەستگیرکراون.