بایدن: ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا دان بە شکستدا نانێت

K24 – هەولێر
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیشدا بدۆڕێت دان بە شکستی خۆیدا نانێت.
بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CNN گوتی، "دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 دان بە دۆڕانی خۆیدا نەناوە کاتێک من بووم بە ڕکابەری و بە سەرۆک. لاینگرانی ترەمپ لە ڕۆژی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی 1ـی 2021دا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی کاپیتوڵ، هەر ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی لێکۆڵێنەوە لە دژی ترەمپ بکرێت و دواتر تۆماتی تاوان لەدژی تۆمار بکرێت".
بڕیارە ڕۆژی 5ـی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت. پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە جۆو بایدن بۆ پارتی دیموکرات و ترەمپ بۆ پارتی کۆماری کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکەنەوە.