وەزارەتی ناوخۆی عێراق: کۆمەڵکوژیی خێزانەکەی بەسرە بەهۆی کێشەی داراییەوە بووە

K24 – هەولێر

دوای ڕووداوەکەی کۆمەڵکوژ کردنی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیی و دواتریش خۆکوشتنی سەرۆکی خێزانەکە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق یەکەم لێدوانی فەرمیی بڵاوکردوە و هۆکارەکەی بۆ کێشەی دارایی گەڕاندووەتەوە.

میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کاتژمێر 21:30 خوولەکی ڕۆژی چوارشەممە لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شارۆچکەی شەتولعەرەب لە ڕووداوێکی تاوانکاریدا، باوکێک بە چەکی AK-47 کە کلاشینکۆف ناسراوە، هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کوشتووە کە 11 کەس بوون و دواتر خۆشی کوشتووە، لە نێو قوربانییەکانیشدا سێیانیان منداڵن.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاشیگەیاندووە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە بەراییەکان دەرکەوتووە کێشەی دارایی هۆکاری ڕووداوەکە بووە، بەڵام فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە بۆ ئاشکرا کردنی وردەکارییەکان.

هەر لە بارەی ئەو ڕووداوە، هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆیی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی ئاماژە بە بوونی چەند کێشەیەکی خێزانی دەکرێت، لە نێویاندا بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کەڵەکە بوونی قەرز لە سەر سەرۆکی خێزانەکە کە ئەنجامدەری تاوانەکەیە، گوایە کاری کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەویی کردووە و بەمەش نزیکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دیناری عێراقی قەرزی لە سەر کەڵەکە بووە.

سەرەتا لە چەند مێدیایەکی ناوخۆیی عێراق لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، گوایە کۆمەڵکوژی ئەو خێزانە لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی بووە، بەڵام عەقیل فەریجی سەرۆکی لجنەی ئەمنی پارێزگای بەسرە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاندووە، تەواوی ئەندامانی خێزانەکە بە دەستی سەرۆکی خێزانەکە کوژراون کە دواتر خۆشی کوشتووە.

فەرریجی ڕاشیگەیاندووە، سەرۆکی خێزانەکە بەهۆی کەڵەبوونی قەرز کەوتووەتە ژێر فشارێکی دەروونی ئەو کارەساتەی کردووە.

ئەو کەسەی تاوانەکەی کردووە بە عەباس مقاول ناسراوە و تەمەنی 51 ساڵ بووە و کاری بیناسازیی و خانووبەرەی کردووە.