ئه‌ندۆنیسیا.. پیاوێك دوای 12 ڕۆژ له زەماوەند، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت هاوژینه‌كه‌ی پیاوه

K24 - هەولێر:
پیاوێكی ئه‌ندۆنیسی زەماوەندی كردووه، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وتووه هاوژینه‌كه‌ی "پیاوه"؛ هاوكات پۆلیسی ئه‌و وڵاته ئه‌و هاوسه‌ره ساخته‌یه‌ی ده‌ستگیر كردووه و ڕووبه‌ڕووی دادگه‌ی ده‌كات.
مێدیای ئه‌ندۆنیسی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، پیاوێك لەم دواییانەدا نهێنیەکی گەورەی لەبارەی هاوژینه‌كه‌یه‌وه ئاشكرا كردووه، کە دەبوو پێش زەماوەندەکەی بزانێت.
ڕاپۆرتە مێدیاییه‌كان باس لەوە دەکەن، پیاوێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵ له شاری سیانجور لە جاوای ڕۆژئاوا زەماوندی له‌گه‌ڵ كه‌سێك كردووه كه ئه‌ویش ته‌مه‌نی 26 ساڵه، به‌ڵام دوای ته‌نیا 12 ڕۆژ له زەماوەندەکەیان، پیاوه‌كه نهێنییه‌كی هاوژینه‌كه‌ی بۆ ده‌ركه‌وێت.
پیاوه‌كه باسی چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ مێدیاكان كردووه و گوتوویه‌تی، دایك و باوكی له مردوون و به ته‌نیا ده‌ژیت، دواتر له ڕێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فهیسبووكهوه كه‌سێكی ناسیوه و زەماوەندی له‌گه‌ڵدا كردووه.
پیاوه‌كه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، دوای گواستنه‌وه، چووه‌ته لای هاوسه‌ره‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌و به پاساوی نه‌خۆشی و ماندووییه‌تی ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه ئه‌و ماوه‌یه له‌گه‌ڵیدا بخه‌وێت و پێی گوتووه، پێویستی به پشوو هه‌یه. پیاوه‌كه ده‌شڵێت، هاوژینه‌كه‌ی جلی داپۆشراوی پۆشیوه و وه‌ك ژن خۆی نواندووه.
ئه‌و پیاوه تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی دوای دوو هه‌فته گومانی بۆ دروست بووه و چاودێریی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له گومانه‌كه‌ی دڵنیا ببێته‌وه، به‌م شێوه‌یه له گومانه‌كه‌ی دڵنیا بووه‌ته‌وه و پۆلیسی ئاگه‌دار كردووه و پاشان له لایه‌ن پۆلیسه‌وه بردراوه و ده‌ستگیر كراوه و له لایه‌ن دادگه‌شه‌وه به مادده‌ی 378ـی یاسای ئه‌ندۆنیسی تۆمه‌تبار كراوه و سزای چوار ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.