پاسپۆرتی عێراقی سێیەم خراپترین پاسپۆرتە لە جیهان
K24 – هەولێر:
هەموو ساڵێک ڕیزبەندی بەهێزترین و لاوازترین پاسپۆرتەکانی جیهان بەپێی پێوەری هێنلی دیاری دەکرێت، کە پشت بەوە دەبەستێت، ئایا هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە بۆیان هەیە بەبێ ڤیزای پێشوەختە گەشتی چەند وڵات بکەن.
ساڵانە هاووڵاتییەکی زۆری عێراقی و کوردستانی گەشتی وڵاتانی دەرەوە دەکەن. زۆر جار هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی، لەکاتی گەشتکردن ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە، ئەویش بەهۆی خراپی پاسپۆرتی عێراقی لە ڕیزبەندی پاسپۆرتی وڵاتان لەسەر ئاستی جیهان.
پاسپۆرتی عێراقی لە کۆی 106 پاسپۆرتی جیهان، لە ڕیزبەندی 104ـەمین پاسپۆرت دێت. ئەمەش واتە پاسپۆرتی عێراقی، سێیەم خراپترین پاسپۆرتە لەسەر ئاستی جیهان و دووەم خراپترین پاسپۆرتی وڵاتانی عەرەبییە، لە دوای سووریا.
هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی دەتوانن بەبێ ڤیزای پێشوەختە گەشتی 31 وڵاتی جیهان بکەن، کە زۆربەیان وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقین. کەچی بۆ گەشتکردن بۆ 156 وڵات دەبێت پێشوەختە داواکاری ڤیزا پێشکەش بکەن.
ساڵی 2006 پاسپۆرتی عێراقی لە ڕیزبەنی 81 دابوو، بەڵام بەردەوام روو لە دابەزین بووە لەسەر ئاستی جیهان. هەروەها لە ساڵی 2021 پاسپۆرتی عێراقی لەسەر ئاستی جیهان لە ڕیزبەندی 115ـمین وڵات بوو.
ساڵانە ڕیزبەندی بەهێزترین و لاوازترین پاسپۆرتی وڵاتان بە گوێرەی پێوەری هێنلی دیاری دەکرێت. بەشێوەیەک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سینگاپوور و ئیسپانیا لە ڕیزبەندی یەکەم دێن. هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشتی 194 وڵات بکەن.
هاوکات پاسپۆرتی وڵاتانی نەمسا، فینلاند، ئیرلەندا، لەگزمبۆرگ، هۆڵەندا، کۆریای باشوور و سوید لە پلەی دووەم دێن، هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتانە بەبێ ڤیزا گەشتی 193 وڵاتی جیهان دەکەن.
پاسپۆرتی ئەفغانستان وەک لاوازترین پاسپۆرتی جیهان لە ڕیزبەندی 106ـەمین دێت. لە دوای ئەویش پاسپۆرتی سووری، وەک دووەم لاوازترین پاسپۆرت لە ڕیزبەندی 105 دیاریکراوە.