وەزارەتی تەندروستی داوای داخستنی پەیجەکانی سۆشیال میدیا دەکات کە ڕێکلام بۆ دەرمان و جوانکارییەکان دەکەن

وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات هەموو "پەیج و ئەكاونتەساختەكان" لە سۆشیال میدیا (فەیسبووك، سناپچات، ئینستاگرام، تیكتۆك) كە ڕێکلام بۆ بۆ دەرمان و جوانکارییەکان دەکەن، دابخرێن و ڕێكاری یاسایی بگيرێتە بەر دژی ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە، داواکراوە هەموو ئەو پەیجانەی لە سۆشیال میدیا ڕێکلام بۆ "بەناو گیادەرمان، ماددەی جوانكاری ڕووخسار و پێست و ڕواندنەوەی قژ لەگەڵ بەهێزكردنی هەستە جنسیيەكان دەكەن"، دابخرێن بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستییە.

لە نووسراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەوەی ئەو پەیجانە باسی دەکەن، دوورە لە پرەنسیپی پزیشکی و دەرمانسازی و زیان بە لایەنی تەندروستی مرۆڤ و ئابووری دەگەیەنن".

هەروەها وەزارەتی تەندروستی ڕوونیکردووەتەوە: "هەندێک کەس بەناوی پزیشک و دەرمانساز بازرگانی دەکەن بەشێوەی ئۆنڵاین، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی وەزارەتە".

وەزیری تەندروستی لە نووسراوەکەدا جەختی کردووەتەوە، پێویستە ئەو پەیج و ئەکاونتە ساختانە دابخرێن و ڕێكاری یاسایی بگيرێتە بەر دژی ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن.

نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی
نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی
Fly Erbil Advertisment