جارێکی دیکە جۆو بایدن هەڵە دەکات

K24 - هەولێر
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە چالاکییەکدا هەڵەیەکی نوێ دەکات، لە جیاتی ئەوەی بڵێت کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور، دەڵێت سەرۆکی کۆریای باشوور!
بایدن لە میانی چالاکییەکی هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارەی هەڵبژاردنەکان لە کالیفۆرنیا گوتی، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا شانازیی بەو نامەی خۆشەویستییەوە دەکات کە بۆ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باشووری ناردووە".
ئەمە یەکەم جار نییە کە بایدن لەکاتی گوتنی وتارەکانیدا هەڵە بکات، بەڵکو بایدن تەمەن 81 ساڵ، زۆرجار هەڵە لە دوای هەڵە لە وتارە گشتییەکانیدا دەکات، هەروەها تەندروستی ئەو سەرۆکە بووەتە جێگەی پرسیاری تەواوی وڵاتان.
کۆمارییەکان لە ململانێی دوو حزبیدا، لاوازیی توانا دەروونی و جەستەییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بەکاردەهێنن.
لە کۆتایی مانگی شوباتدا بایدن پشکنینی پزیشکی بەردەوامی بۆ کرا، کارین جان پییەر، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕوونی کردەوە کە پشکنینەکان، پشکنینی توانا دەروونییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەخۆ ناگرێت.