هەسەدە دوو داعشی داواکراو ڕادەستی عێراق دەکاتەوە

K24 - هەولێر

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"، دوو چەکداری داعشیان ڕادەستی بەغدا کردەوە کە دەستیان لە کوشتنی بەکۆمەڵی سەربازانی سپایکەری عێراق دا هەبووە.

ڕادەستکردنەوەی ئەو دوو چەکدارە داعشە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە هەواڵگریی نیشتیمانیی عێراق هێنانەوەی سێ ئەندامی داعش لە دەرەوەی عێراق ڕاگەیاند، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستە ڕوو.

داعش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر شاری تکریت دا گرت، هەزار و 700 سەربازی لەو شارە کوشت کە بە کۆمەڵکوژی سپایکەر ناوبرا.

دوای ماوەیەکی کەم لە کۆنترۆڵکردنەوەی شاری تکریت، داعش چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی ترسناکی بڵاوکردەوە کە چەکدارانی داعش چۆن یەکە بەیەکەی سەربازەکانی سپایکەریان کوشتووە.

لای خۆیەوە فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕایگەیاند، دوو ئەندامی داعشیان ڕادەستی عێراق کردووە. بەڵام ڕوون نەبووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی عێراق تۆمەتباری سێیەمیان لە کوێ وەرگرتووە.

کوشتنی بەکۆمەڵی  ساڵی 2014 کە بە کۆمەڵکوژی سپایکەر ناسراوە، بووە هۆی ئیدانەکردنی سووپا و هێزەکانی عێراق لە سەرانسەری تەواوی ئەو وڵاتە و دروست بوونی میلیشیا شیعەکان.

ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دوو ئەندامەی داعش لەنێو ئەو 20 کەسەدا بوون کە لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی ئەم دواییەی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە شاری ڕەقە لە باکووری سوریا کە مۆڵگەی سەرەکی داعشە لە سوریا دەستگیر کراون.

سەرەڕای شکستی داعش لە عێراق لە ساڵی 2017 و لە سوریا لە ساڵی 2019، هێشتا شانە خەوتووەکانیان بوونیان هەیە لەو دوو ولاتە، هێرشەکانیان دژی هێزەکانی هەسەدە  و حکوومەتی سووریا چالاکە.

هەسەدە زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی لە نزیک 24 دامەزراوە دەستبەسەر کردووە، لەنێویاندا زیاتر لە دوو هەزار کەسی بیانیان تێدایە کە وڵاتەکەیان ڕەتیان کردووەتەوە وەریان بگرێتەوە. ئەو هێزە باس لەوەش دەکات، ساڵانێک لەمەوبەر چەکدارانی داعش لە 60 نەتەوەی جیاواز هاتوونەتە ناو سووریا و لە شەڕەکاندا بە دیل گیراون.

دەسەڵاتدارانی هەسەدە ڕایان گەیاند، دادگایی گیراوانی داعش دەکەین، بەڵام ڕوون نەبووەتەوە چۆن و کەی ئەم دادگاییکردنانە دەکرێت و دەست پێ دەکات.

لای خۆیەوە فەرهاد شامی ڕایگەیاند، دوێنێ هەینی خۆکۆژێک بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو هەوڵیدا هێرش بکاتە سەر خاڵێکی سەربازیی ئەنجوومەنی دێرەزور کە فراکسیۆنێکی زۆرینەی عەرەبییە و بەشێکە لە هێزەکانی هەسەدە، لە گوندی ساحیل لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەوەشی خستە ڕوو، پاسەوانەکان ویستوویانە ئۆتۆمبێلەکە بوەستێنن، بەڵام خۆکوژەکە خۆی تەقاندووەتەوە و سێ کەس کوژراون و تاکو ئێستە هیچ لایەنێک بەرپرسیایەتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.