فابریس بلانش: کۆچی بە کۆمەڵ لە عێراق دەستی پێ کردووە

فابریس بلانش، نووسەر و ئەکادیمیستی فەرەنسی
فابریس بلانش، نووسەر و ئەکادیمیستی فەرەنسی

K24 - هەولێر:

نووسەر ئەکادیمیستێکی فەرەنسی رایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی ناوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هاوکات دەڵێت: هەرێمی کوردستان بووەتە سەرچاوەی ئاو بۆ عێراق. جەختی لەوەشکردەوە، لە عێراق کۆچی بە کۆمەڵ دەستی پێ کردووە.

فابریس بلانش، نووسەر و ئەکادیمیستی فەرەنسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، لە کۆنفرانە ژینگەییەکەی ئەمڕۆدا بینیم زۆر گرنگی بە گۆڕانی کەشوهەوا دەدرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە، حکوومەت باش تێدەگات دۆخەکە خراپتر دەبێت.

ئەو نووسەر و ئەکادیمیستە، دەڵێت: لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر بە دیار دەکەوێت، دەبێت هەرێمی کوردستان بەنداوی زۆر دروست بکات بۆ ئەوەی ئاو گلبدرێتەوە، چونکە تورکیا و ئێران زۆر بەنداوی گەورەیان دروست کردووە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی کە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بووەتە سەرچاوەی ئاو بۆ عێراق.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت سیستەمی کلاسیکی ئاودێری بگۆڕێت بۆ مۆدێرن، بەڵام بەداخەوە ئەو هەنگاوانە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق نابیندرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان کاری باشی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا، کوردستان دەبێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ هەموو عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەبارەی دەستپێکردنی کۆچی بە کۆمەڵ لە عێراق، فابریس بلانش، گوتی: ئەگەر ئەو خەڵکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق کۆچ بکەن بۆ هەرێمی کوردستان بێگومان هەرێمەکە ناتوانێت هەموویان لەخۆ بگرێت، بۆیە زۆر گرنگە وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوکاری هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا بکەن.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەبوونی  کۆنفرانسی ژینگەیی لە ناوچەکە گرنگە بۆ ئەوەی لە مەترسی بارودۆخی گۆڕانەکانی کەشوهەوا تێبگەن، لە بەسرە 24 کاتژمێر کارەبا هەیە، بەڵام ئەمە بەردەوام نابێت، هاوینان ئاو کەم دەبێتەوە و کێشەی کارەبایان بۆ دروست دەبێت، بۆیە ئەوەی لە بەسرە کراوە بەردەوام نییە ئەمەش نەبوونی سیاسەتێکی باشی دوورمەودایە و، گرنگە سیاسییەکان تێگەشتنێکی باشیان هەبێت لەو بوارە.

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، فابریس بلانش، گوتی: هەرێمی کوردستان زۆر ناوازەیە، هەرێمێکی زۆر جوانە و گوندەکانیشی زۆر جوانن، دەبێت کورد شەڕ بۆ پاراستنی ئەو ئازادیەی بکات کە بەدەستی هێناوە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، دەبێت عێراق بە گوێرەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و دەبێت مووچەی بۆ بنێرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق دەیەوێت زیاتر مەرکەزییانە بێت و هەموو دەسەڵاتەکان لەژێر دەستی خۆی بێت.

گوتیشی: حکوومەتی عێراق دەیەوێت گوشار بخاتە سەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئابووری وەک کارتێکی فشار دژی هەرێمی کودرستان بەکار دەهێنێت، بۆیە دەبێت فەرەنسا و ئەمەریکا پشتیوانیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و حکوومەتی عێراق ناچار بکەن ڕێز لە دەستوور بگرێت.

Fly Erbil Advertisment