میسر و ئێران جەخت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەنەوە

بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئێران هۆشدارییان لە نیگەرانییەکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە دا و جەختیان لە گرنگیی بە پەلەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێ هەرێمییەکان کردەوە.

سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد و، هەردوولا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: هەردوو وەزیر وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە هەستیارەکانی ناوچەکە، گفتوگۆیان لە بارەی ئەو بژاردە و پلانانەی لە ئارادان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە تاوتوێ کرد.

وەزیری دەرەوەی میسر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەر لایەنێک رۆڵی خۆی بگێڕێت بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش کە کەمکردنەوەی گرژییەکانە، بە تایبەت لە سایەی زیادبوونی نیشانە و ئاماژە نیگەرانکەرەکانی ئەم دوایییە لە ناوچەکەدا.

بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوولا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، تیشکیان خستە سەر کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانی ئەم دوایییەی شاری تاران؛ لەو روانگەیەوە عەبدولعاتی پشتیوانیی تەواوی میسری بۆ سەرجەم ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە کە لە پێناو کۆنترۆڵکردنی بارگرژییەکان و رێگری لە خلیسکان بەرەو قەیرانێکی وێرانکەرتر دەدرێن.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی راوێژی بەرفراوانی ناوچەیی لە نێوان لایەنی ئێرانی و میکانیزمی وەزاریی چوارقۆڵی (R4) کردەوە، کە وڵاتانی میسر، سعوودیە، پاکستان و تورکیا لەخۆدەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی میسر باسی لەوەش کرد، جووڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دوایییەی دەریخستووە کە هەستکردنی لایەنە کاریگەرەکان بە بەرپرسیارێتی، تاکە رێگەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و هێنانەکایەی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ، هەریەکە لە شاندی سعوودیە، تورکیا و پاکستان کە ئەندام و دامەزرێنەری رێککەوتنی مەککەن، سەردانی تارانیان کرد و لەوێ لەگەڵ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبوونەوە و تاوتوێی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان کرد.