پشکنین بۆ مردنی نەورەسەکان دەکرێت

K24 - هەولێر

تیمێکی تاقیگەی ناوەندی ڤێرتەرنەری هەرێم لە یەکێک لە دورگەکان، دەیانەوێ هۆی راستەقینەی مرداربوونی نەورەسەکان بزانن.

د. بێجان ئەحمەد دزەیی، بەڕێوەبەری تیمی تاقیگەی ناوەندی  ڤێرتەرنەری هەرێم، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، نامەوێ پێش ئەنجامی پشکنینەکان بکەوم، بەڵام بەو پشکنین و هەڵسەنگاندنانەی بە چاو بۆ هەر نەخۆشیەک دەکرێ، دەمانەوێت خوێندنەوەی سەرەتای بۆ هۆی مردنی نەورەسەکان بزانین .

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "ناوچەکە گەورەیە ناتوانین بڵێین تەنیا نەورەسەکان وایان لێ هاتووە، چونکە ناوچەکە گەورە و فراوانە، کۆمەڵێک ڤایرۆس هەن کە گومان دەکەین ئەو ڤایرۆسانە بێت، پشکنینمان بۆیان کرد نموونەکانیان دەبەینە تاقیگە بۆ دیاری کردنی جۆری نەخۆشی یاخود هۆی مرداربوونەوەی ئەو نەورەسانە".

ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت: "گومان دەکەین ئەنفلەوەنزای باڵندە بێت یاخود کۆمەڵێک نەخۆشی دیکە هەیە، ئەو نیشانانەی ئێمە بینمان ئاماژەن بۆ ئەو کۆمەڵە نەخۆشییە کە هەیە، تاکو لە تاقیگەش کاری لەسەر نەکەین یەکلا نابێتەوە".

ئەگەرچی لانە و شوێنی ژیانی نەورەسەکان زیاتر لەو دورگانەیە کە دەکەونە ناو دەریاچەکە و  هاوڵاتیان مەگەر بە بەلەم، دەنا ئاسان نییە بچنە ئەو دوورگانە؛ بەڵام تا ئەنجامی پشکنینەکان ڕادەگەیەنرێ دڵنیایی دەدرێ لە جۆری نەخۆشیەکە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشیەکە ، پۆلیسی دارستان و ژینگە هاتووچۆی هاووڵاتییان بۆ شوێنی ژیان و مانەوەی نەورەسەکان قەدەغە دەکات.

لای خۆیەوە عەمید شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەرین گوتی، "نەورەسەکان تووشی نەخۆشی بوون، ڕێژەشیان زۆر زیاترە لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکردن، مردنەکانی نەورەسەکان فراوانتر بووەتەوە".

ئەو عەمیدە گوتیشی: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە مردنی بە کۆمەڵ لەناو نەورەسەکانی دەریاچەی دووکان دەستی پێ کردووە ، لە ناوچەی دووگردکان  نەورەسەکان بە کۆمەڵ مردوون، بەهەزارەها جوجەڵە و هێڵکەی نەورەسەکانی لێیە و ئەو جوجەڵەنەی کە هەبوون توانای فڕینیان نەبوو مردار بووبوونەوە".

Fly Erbil Advertisment