بەردی بناغەی کەناڵێکی ئاو بۆ بەنداوی دهۆک داندرا

K24 - هەولێر
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیزاین و بەردی بناغەی بۆ کەناڵێکی ئاو لە بەنداوی دهۆک دانرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئامانج لە دروستکردنی کەناڵەکە، هێنانی ئاوە لەسەر چیا و پشتی چیا بۆ بەنداوی دهۆک. هەوڵیش دراوە بە دیزاینێکی باش، بیرۆکەیەکی گەشتیاریشی لێ وەرگرین بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک و دەڤەرەکانی دیکەش".
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم پڕۆژە دەبێتە تەواوکەری پڕۆژەی گەشتیاری کۆڕنیشی دەوروبەری بەنداوی دهۆک و لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەبێت. بەدڵنیاییشەوە دەبێتە پاڵنەرێکی گەورە بۆ پڕۆژەکانی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای دهۆک".
عەلی تەتەر گوتیشی: "کێشەی ئێمە کێشەی ئاو بوو، بەڵام لە نزیکەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دیزاینی پڕۆژەکەی بینی و پێشنیازەکەش پێشنیازی مەسرور بارزانی بوو، چونکە ئەو بینی ئێمە زیاتر لە 26 ملیار دینارمان خەرج کردووە بۆ ڕاکێشانی ئاو، بۆیە پێشنیازی ئەوەی کرد کە پڕۆژەیەک دروست بکرێت. هەروەها وەکو بابەتێکی گەشتیاریش بۆ هاووڵاتییان بەتایبەت هاووڵاتییانی دهۆک و دوور بێت لە پڕۆژەی بێ سەروبەر، هەروەها یەکسەریش نەچێتە ناو زەریاچە و بەنداوی دهۆک".
ڕاشیگەیاند، "بۆ ئەم پڕۆژە زیاتر لە ملیارێک دینار تەرخان کراوە، لەگەڵ پڕۆژەیەکی دی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بوژاندنەوەی زەویی بەنداوی دەوروبەری دهۆک دەبێت، وەکو پڕۆژەیەکی گەشتیاری بۆ دهۆک بەکار دەهێنرێت، هەروەها بۆ جوانکردنی سیمای ناوچەکەش".