وەزارەتی دارایی عێراق بەشێکی مووچەی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد

K24 - هەولیر
وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی ژمارەیەک وەزارەت و دامودەزگای حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتەکە مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان خەرجکردووە و چاوەڕێ دەکرێت بەمزووانە بڕە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، وا بڕیارە وەزارەتی دارایی عێراق هە ئەمڕۆ مووچەی بەشێکی دیکەی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، 12-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، "ئهوهی لهسهر ههرێمی كوردستانه وهكو ئهرك ههمووی جێبهجێ كردووه و چاوهڕێین بهغدا مووچهی مانگی چوار و پێنج له كاتێكی زوودا رهوانه بكات". باسی لهوهش كرد، "ههرچی داواكاری حكوومهتی فیدراڵ ههبووه، بۆ ئهوهی كێشه بۆ ناردنی مووچهی خهڵكی كوردستان دروست نهبێت، جێبهجێمان كردووه".
پێشتریش هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "ئەوەی لەسەرمان بووە، ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە (میزانییەی موراجەعە) بوو، بۆ وەزارەتی دارایی عێراق؛ ئێمەش دوو هەفتە پێش ئێستا، واتا لە 22ـی مانگی ڕابردووەوە ناردوومانە".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان جێبەجێ کردوون، "بەڵام لایەنی بەغدایە تا ئێستا مووچەکەی لەکاتی خۆیدا نەناردووە؛ بیانووەکان هەر چییەک بن، ئێستا کاتی هاتووە مووچەکە بنێردرێت".