ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕێکی عەشایەری هێز دەجووڵێنێت

K24 - هەولێر

لە ناوچەی شەعبی گەڕەکی جەزائیری ڕۆژهەڵاتی بەغدا شەڕی چەکداری عەشایەری لە نێوان هۆزی بەنی کەعب و هۆزی ئەلبو دەڕاج ڕوویدا و بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی چەکدارانی سەرایا سەلام بەشێک بوون لە شەڕەکە.

سەرچاوە ئەمنییەکە بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە هۆکاری شەڕ و ئاڵۆزییەکان نەزانراوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی گەڕەکی جەزائیر، بە فەرمانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا، هێزەکانی فیرقەی پێنجی لیوای 19ی چوونەتە ناوچەکە و دوای کۆنترۆڵکردنی دۆخە ژمارەیەک چەکداریان دەستگیرکردووە.

ئاماژەشیداوە، چەکدارانی سەرایا سەلام پشتیوانیان لە هۆزی بەنی کەعب کردووە و تەقەیەکی زۆریان لە چەکدارانی ئەلبو دەڕاج کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ ئامارێک لە سەر ژمارەی کوژراو و قوربانیان نییە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی لە نێو خەڵکی گەڕەکی جەزائیر و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری بڵاوکردووەتەوە.

بەربڵاوی چەکی بێ مۆڵەت و زۆری گرووپە ملیشیاکان بوونەتە بەشێک لە زۆری شەڕ و پێكدادانە عەشایەرییەکانی عێراق و بە گوتەی میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەنیا کە سێ مانگی ئەم ساڵ زیاتر لە 373 حاڵەتی شەڕ و 27 حاڵەتی ئاڵۆزیی عەشایەری لە تۆمارکراوە.

هەروها ڕایگەیاندووە، شەڕی چەکداری هۆزەکان بووەتەوە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگە و دەبێت ناکۆکیی هۆزەکان دوور لە بەکارهێنانی چەک بە ئاشتیانە و لە ڕێگەی یاساوە چارە بکرێن.