ساسان عەونی: لەسەر ڕاسپاردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتی سەوزکردنی شەقامی 120 دەست پێ دەکات

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنوێنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتی سەوزکردن و دروستکردنی پارک و سەوزایی شەقامی 120مەتری ڕێگەی موسڵ هەولێر، جێ بەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی ئایاری 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئێمە لێرە ئامادەین بۆ هەڵمەتی سەوزکردن و دروستکردنی پارک و سەوزایی شەقامی 120مەتری ڕێگەی موسڵ، ئەو پڕۆژانە هەمووی لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنوێنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێ بەجێ دەکرێن.

بە گوتەی ئەو، "تێچووی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە دابین کراوە، ئەو یەکتر بڕە یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی شاری هەولێر، کە لە شاری مووسڵەوە ڕوو لە هەولێر دەکەی، بە ڕووبەری 205 هەزار مەتر دووجا،  سەوز دەکرێت".

ئەو وەزیرە دەشڵێت: "ئەم پڕۆژەیە نزیکەی 30 هەزار داری تێدا دەڕوێنرێت، هەروەها 10هەزار گوڵ و نەمامی بچووک لەگەڵ ڕووبەری 20 هەزار مەتر دووجا چیمەن. جگە لە لێدانی بیری ئاو بۆ ئاودانی دارو چیمەنەکە و دروستکردنی دوو عەمباری گەورەی ئاو و سیستەمی ئاودێری".

ساسان عەونی ئەوەشی خستە ڕوو کە سەوزکردنی ڕێگە و بان و شاری هەولێر، "لە پێناو گۆڕین و باشترکردنی ژینگەی هەولێرە. هەروەها بەخشینی سیمایەکی جوان بە شارەکەیە، لەگەڵ باشترکردنی کەشوهەواو ژینگەکەیە. هەموو ئەو پڕۆژانە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لە دوو ڕۆژی داهاتووش پڕۆژەی  پارکی ڕەشکین بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت".