سەرۆکی لیژنەی یاسایی: دەنگی کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق یەکلاکەرەوە دەبێت
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەنگی کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق یەکلاکەرەوە دەبێت. ئاماژە بەوەش دەدات، دەنگی شیعەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون و دەنگ بە کاندیدایەکی هاوبەش نادەن.
ئەمڕۆ شەممە، 18-05-2024، ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو کە لەلایەن گوڵباخ بەهرامییەوە پێشکەش کرا.
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیاربوو کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆ دەست پێ بکات، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی، بۆ کاتژمێر 01:30 دواخرا. دانیشتنەکە لە سێ تەوەر پێک دێت؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەکان، دووەم خوێندنەوە بۆ هەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.
گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی جێگرەوەی حەلبووسی
ڕێبوار هادی گوتی، "ئەو کەسەی کاندیدایە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەبێت نیو +1ـی دەنگەکانی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، واتا لە کۆی 329 دەنگ پێویستی بە 166 دەنگ هەیە. تا ئێستا لایەنە سیاسییە سوننەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە گفتوگۆدان و هەر یەکێکیان هەوڵ دەدات بڕوا بە فراکسیۆنەکانی دیکە بهێنێت دەنگ بە کاندیدەکەیان بدەن بۆ ئەوەی بێتە سەرۆکی نوێی پەرلەمان".
لەبارەی ئەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگ بە کام کاندیدا دەدەن، ڕێبوار هادی ڕایگەیاند، "ئاگادار نیم لایەنەکانی دیکە دەنگ بە کامە کاندیدا دەدەن، بەڵام ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە سوننییەکان لە گفتوگۆداین. بە دڵنیاییەوە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەڵوێستمان یەکلایی دەبێتەوە و دەنگ بە کاندیدایەک دەدەین".
کاریگەریی دەنگی کورد لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان
سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەوەشی خستەڕوو، "دەنگی سوننە بە تەنها یەکلاکەرەوە نییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق. دەنگی شیعەش کاریگەری خۆی هەیە و دەنگی کوردیش پێم وایە ئەم جارە کاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر یەکلاکردنەوە، چونکە دابەشبوونەکە بە شێوازێکە دەنگەکان لە یەکتری نزیکن و کورد دەتوانێت یەکلاکەرەوەی ئەو هەڵبژاردنە بێت".
بە گوتەی ڕێبوار هادی، "دەنگی لایەنە شیعییەکانیش کاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان دەنگەکانیان دابەشبوون و دەنگ بە یەک کاندیدای هاوبەش نادەن، دەنگی ئەوان وەکو دەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکلاکەرەوە نابێت".
وەکو ئەوەی سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئاماژەی پێ دا، "لە ئێستاوە ناتوانین بڵێین کام کاندیدا چانسی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، چونکە دەنگەکان لە یەکتری نزیکن و جیاواز لە ڕابردوو، ئێستا بەشێک لە ئەندامی فراکسیۆنەکان بە گوێی سەرووی خۆیان ناکەن و دەنگەکانیان دەگۆڕن. ئەمەش وای کردووە پێشبینیکردن بۆ ئەم پرسە زەحمەت بێت. دەبێت چاوەڕێ بکەین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا تاوەکو بابەتەکە زیاتر ڕوون ببێتەوە".
مەشهەدانی و عیساوی ڕکابەریی لەسەر کورسییەکەی حەلبووسی دەکەن
لە 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانتاریی و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی عێراق چوار جار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووەوەتەوە بەڵام هەر چوار جارەکە شکستیان هێناوە.
دوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی کوتلەی سەدارەی سوننەکان لەگەڵ هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، چاوەڕوان دەکرێت پرسی بۆشایی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی سوننەکانە بە کاندیداکردنی مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان پڕ بکرێتەوە.
هەروەها هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر پشتیوانیی لە سالم عیساوی دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق کە پشکی سوننەکانە، بەڵام دیار نییە کام کاندیدایەی سوننەکان کۆتایی بە سەرۆکایەتیکردنی بە وەکالەتی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەهێنێت و دەبێتە شوێنگرەوەی حەلبووسی.
سالم عیساوی کەسایەتیی سیاسیی سوننەکان لە دایکبووی 1972 هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە و لە ساڵانی 2010 بۆ 2014 ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبارە بوو، لە 2014 تاوەکوو 2018 پەرلەمانتاری عێراق و نوێنەری دانیشتووانی ئەنبار بووە.
هەروەها مەحموود داوود سەلمان مووسا مەشهەدانی لە دایکبووی 20ی ئایاری 1948، کەسایەتیی سیاسی و پەرلەمانتاری ئێستا، لە دوای شەڕی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا کردووە و سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمانی عێراق بووە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هاوکات ئەندامی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور بووە. هەروەها لە ساڵی 2008 بە سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی هەڵبژێردراوە.