سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەخۆشی لە گەلی ئێران دەکات

بەهۆی مردنی سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە و حەوت کەسی دیکە؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەخۆشی لە ڕێبەر، حکوومەت و گەلی ئێران دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-05-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران؛ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵەکانیانمان لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لە باکووری ئێران، بیست".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، حکوومەت و گەلی ئێران دەربڕیوە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و میدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون.
سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە:
- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز
- مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز
- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار
- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە
- دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە