کاروان ستونی:  ئەوانەی بە ڤیزای بازرگانیی دەچنە حەج تووشی کێشەی یاسایی دەبن

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرە
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرە

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاماژە بەوە دەکات، ئەوانەی بەڤیزای بازرگانیی دەچنە حەج تووشی کێشەی یاسایی دەبن.

ڕۆژی سێشەممە(21ـی ئایاری 2024)،کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە هۆشداریمان بەو کۆمپانیانەی حەج و عومرە داوە کە بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، خۆیان بەدوور بگرن لە بردنی هاووڵاتیان بۆ حەج بە ڤیزای ساڵیی، یاخو ڤیزای عەمرە و فیزەی گەشتکردن و بازرگانیی. دەشڵێت، لێژنەکانمان لێرە و لەوێ چاودێریی ئەوە دەکەن کێ ئەو خەڵکە دەگوازێتەوە؟ ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەوشێوەیە سەفەری حەجیان کردووە، بێ ئەوەی ڤیزای حەجیان هەبێت.

کاروان ستونی دەڵێت، سعوودیە ڕایگەیاندووە، هەر خەڵکێک بەهەر ڤیزای دیکە حەج بکات، دەستگیر دەکرێت، ئێمە خەڵک ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی دووچاریی کێشەی یاسایی نەبنەوە.

دەشڵێت، هەر کۆمپانیایەک لەسەری ساغ بێتەوە خەڵکی بە ڤیزای بازرگانیی بردبێت بۆ حەج، کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی سعوودیەیە، ڕێگەیان پێ نادرێت جارێکی دیکە کاری گواستنەوەی حاجیان بکات.

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ڕایگەیاند، 27ــی مانگ یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون، 29ـی مانگیش حاجیانی کوردستان لەڕێگەی وشکانی بۆ سعوودیە بەڕێ دەکەون، دەشڵیت، ئامادەکاریی پێویست بۆ حاجیان کراوە.

کاروان ستوونی گوتی، نیاز ڕا‌غب بەریوەبەری گشتیی حەج و عومرە، پێشنیازی کردووە زمانی کوردی لەتەک زمانەکانی دیکە جیهان لە تەواوی شوێنەکانی حەج دابندرێت، وەزیری حەج و عومرەی سعوودیەش ئەو پێشنیازەی قەبوڵ کرد، ئەمساڵ وەکو  قۆناغی یەکەم لە دەروازەی عەرعەر بە کوردی پێشوازیی لە حاجیانی کوردستان دەکرێت، ڕێنماییەکانیش بۆ حاجیان لەسەر ئاستی جیهان کە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە بە زمانەکانی جیهان داندراوە، زمانی کوردیش بە فەرمی زیاد دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی ناوخۆی عێراق 44 کۆمپانیای حەج و عومرەی داخست بە تۆمەتی پێدانی ڤیزای بازرگانیی بە حاجیانی عیراق ، هاوکات 48 کەسیشی لەوانە دەستگیر کرد کە دەستیان هەبووە لە دابینکردنی فیزەی بازرگانیی بە حاجیانی عێراق.

هەر بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 18 هەزار عێراقی بە ڤیزای بازرگانیی چوونەتە سعوودیە بۆ بەشداریی لە فەریزەی حەجی ئەمساڵ.

Fly Erbil Advertisment