وەزیری تەندروستی: لە عێراق 50 حاڵەتی تای خوێنبەربوون هەیە

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەنیا لە عێراق 50 حاڵەتی تای خوێنەبەربوون تۆمارکراوە و 8 کەسیان مردوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستە بەرنامەیەکی گرنگمان هەیە، کە بەرنامەکە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکانە. ئەو بەرنامەیە ڕۆژانە وەکو ڕۆتین کاری لەسەر دەکرێت.
بە گوتەی ئەو وەزیرە، "چەندان نەخۆشی گوازراوە هەن، لەنێوان مرۆڤ بۆ مرۆڤ لەوکاتەی کە نەخۆشی دەگوازرێتەوە، ئەم نەخۆشیانە پڕۆگرامی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ گەڕان بەدوای حاڵەتەکان، بۆ کۆنترۆڵکرن و کەمکردنەوەی ئەو نەخۆشیە گوازراوانە".
ئەو وەزیرە دەشڵێت: "چەندان ڕێگە و تایبەتمەندی جیاوازی هەیە بۆ نەخۆشییەکان، بەڵام بەشێویەک لەو نەخۆشییانە، نەخۆشی هاوبەشن لەنێوان باڵندە و مرۆڤ یاخود ئاژەڵ و مرۆڤ، یاخود بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و مرۆڤ، بۆیە ئێمە ڕۆژانە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی تەندروستی و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان کە سەر بە کەرتی تەندروستیی تیمەکانی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری لەسەر هێڵین".
ئەو وەزیرە ئاشکراشی کرد، "ئێمە نووسراوی پەیوەندیی و هەماهەنگی لەنێوانماندا هەیە، بۆ هەر حاڵەتێک لەگەڵ فەرمانگەکانی ئاو، وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا کشتوکاڵ نییە. بەڵام کۆمەڵێک نەخۆشی هاوبەش هەیە، لەڕووی تەندروستییەوە زانستێکی تەواو جیاوازە".
سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، "هاوشێوەی هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا، ئامادەکاریی دەکەین بۆ خۆ پارێزیی و کۆنترۆڵکردنیی نەخۆشییە گوازراوەکان، پێش سەرهەڵدان و پەیدابوونی نەخۆشییەکە. کۆنترۆڵکردنەکەی زۆر گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی پێویستە زوو کۆنترۆڵ بکرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو، لەسەرەتای هاوین و گۆڕانی کەشوهەوا، کە هەموو جیهان لە گۆڕانی کەشواهەوادایە، نەخۆشی سکچوون، نەخۆشی کۆلێرا کە جۆرێکە لە سکچوونیی توند، هەروەها نەخۆشی تای خوێنبەربوون، کە ئەمەیان بۆ ئێمە جێگەی مەترسییە و بایەخی زۆری پێ دەدرێت، چونکە ڕێژەی مردن و پەککەوتن زۆر زۆرە.
"ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا هەیە و یەکەمین حاڵەتیش لە هەرێمی کوردستان دوێنێ دەستنیشان کرا، لە عێراقیش 50 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون هەیە کە 8ـییان مردوون، لە کوردستان دوو حاڵەت تۆمارکراون و یەکێکیان مردووە".