چیایی تەیموور: پێویست بوو جارێکی تر کاری کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە
ئەندام پەرلەمانێکی عێراق دەڵێت: پێویست بوو جارێکی تر کاری کۆمسیۆن ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێکاری پێویست بکات، تاوەکوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
چیایی تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هەموارکردنی یاسایی ژمارە 31ـی ساڵی 2019، زۆر پێویستە، چونکە پێشی شەش مانگ تەمەنی کۆمسیۆنمان درێژ کردبووەوە لە 7-1-2024، بۆ 7-7-2024، هەموومان دەزانین لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کێشە کەوتە کاروباری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق".
چیایی تەیموور دەشڵێت: "پێویست بوو جارێکی تر کاری کۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە تا 7-1-2025 درێژ بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێکاری پێویست بکات، تاوەکو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەو کاتوساتەدا بەڕێوە بچێت کە دەستنیشان دەکرێت".
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، "دەبێت چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی کۆمسیۆن بکرێت، ئەندامەکانی سەرلەنوێ هەڵبژێردرێنەوە، هەموارکردنەکە لەسەر ئەوەیە کە پێش ئێستە شەش مانگ کارەکانیان درێژ کرابووەوە، ئێستاش دەبێت شەش مانگی تر درێژی بکەینەوە بۆ ئەوەی کاری ئەو کۆمسیۆنە لە چوار ساڵ ببێتە پێنج ساڵ."
جەختی کردەوە، "مەرجێک هەیە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کاری کۆمیسیۆن کە تا ئەوکاتە دەبێت کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".