یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم: کوردستان 24 رۆڵێکی بەرچاوی لە گەیاندنی راستییەکاندا هەیە

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی کوردستان24، شێخ مستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، بەناوی خۆی، سەرۆکی لقەکان و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یەکێتییەکەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دامەزراوەی کوردستان24، ڕۆژنامەنووسان و سەرجەم کارمەندانی کەناڵەکە کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "کوردستان24 لە راگەیاندنی کوردیدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە رووماڵکردن و گەیاندنی راستییەکان؛ بە جۆرێک راستگۆیی لە پیشەی رۆژنامەنووسیدا و پاراستنی بێلایەنی، لە سیفەتە هەرە دیار و بەرچاوەکانی بووە."

هەر لە پەیامەکەدا، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی کەناڵەکە کردووە لە بەرامبەر هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەکانیان و رایگەیاندووە: "سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیتان دەکەین کە هەمیشە پاڵپشت بوون لە بڵاوکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان بەگشتی و چالاکییەکانی یەکێتییەکەمان بەتایبەتی."

لە کۆتایی پەیامەکەدا، یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان هیوای بەردەوامی، سەرکەوتن و سەرفرازیی بۆ دامەزراوەی کوردستان24 و ستافەکەی خواستووە.