حوسێن موحیبی: جوگرافیای جەنگی داهاتوو لەگەڵ دوژمن دەگۆڕین
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دیاریکردنی ئامانجی نوێ و پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆن لە ناوچەی جوگرافیی نوێ لە کارنامەی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەو لێدوانەی حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی لە وەڵامی رێنماییەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە دیدارێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سەربازی. موحیبی گوتی: "رێنماییەکانی رێبەر لاپەڕەیەکی نوێی لە جەنگەکەدا کردووەتەوە و هێزە چەکدارەکان ئامادەکاریی باشتر و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان بۆ دوژمن ئامادە کردووە".
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیکردەوە، هەر جۆرە هەڕەشەیەک دەبێت بە وەڵامێکی دەستبەجێ و بێ سنوور لە رووی جوگرافیاوە رووبەڕووی بکرێتەوە. خامنەیی رایگەیاند، ئەگەر دوژمنانی ئێران هێرشی سەربازی یان تیرۆریستی دەست پێبکەن، ئەوا هێزە چەکدارەکان و نەتەوەی ئێران دیاری دەکەن کە ئەو هێرشانە کەی و لە چ بارودۆخێکدا کۆتاییان دێت.
موحیبی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعالەم لە 21ـی ئەیلوول رایگەیاندبوو، هەر هێرشێکی نوێ جوگرافیای جەنگەکە دەگۆڕێت و ئێران ئامانجی نوێی هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران چەکی نوێ بەکاردەهێنێت کە جیهان سەرسام دەکات. هەروەها جەختیکردەوە، ئێران بە وەڵامدانەوەی چەند هێندە زیاتر، وەڵامی بچووکترین هەڵەی دوژمن دەداتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، هەینی بە سی ئێن ئێنی راگەیابوو، ژێرخانی ناوچەیی ئەمریکا لە لیستی تۆڵەسەندنەوەی ئێراندایە. ئەو سەرچاوەیە هۆشداری دا، هەر شەڕێکی نوێ دەبێتە جەنگێکی سەرسوڕهێنەری درێژخایەن.
ئەم جموجووڵانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەرەکانی لێدانی نوێ دەکات. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەداوە. ترەمپ خۆیشی ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا پێویستی بە مامەڵەکردن لەگەڵ یەک یان دوو پێگەی ئێران هەیە و دەتوانێت لە ماوەی 10 خولەکدا ئەو کارە بکات.
کەناڵی سی ئێن ئێن دووشەممەی رابردوو بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن لە ماوەی 96 کاتژمێردا ئۆپەراسیۆنی گەورە دەست پێبکەن. بەگوێرەی زانیاریی بەرپرسانی کەنداو، واشنتن بەو وڵاتانەی راگەیاندووە کە هێرشەکان لەوانەیە هەر لە 4ـی تشرینی دووەمەوە دەست پێبکەن، کە دەکەوێتە یەک رۆژ دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا.