عەلی تەتەر: داوا دەکەین خەڵکی زیاتر بێنە ناوچە شوێنەوارییەکانی کوردستان

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

پارێزگاری دهۆک، سەرۆکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی شوێنەواری برۆکسل دەڵێت، دەمانەوێت خەڵکی زیاتر لە وڵاتان بێنە ناوچە شوێنەوارییەکانی کوردستان.

رۆژی چوارشەممە(22ـی ئایاری 2024)، مەراسیمێکی تایبەت بەشوێنەوارناسی کە یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکەن، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی پارێزگاری دهۆک ئامادەی مەراسیمەکەیە.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و سەرۆکی شاندی حکوومەتی هەرێم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەشداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو مەراسیمە لەسەر داوای ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆ قسەکردن  لەبارەی ئەو پرۆژانەی یۆنسکۆ لە هەولێر و دهۆک ئەنجامی داون.

دەشڵێت، لەو مەراسیمە باس لەو شوێنەوارە گرنگ و گەورانە کرا کە لە ئوردن و هەرێمی کوردستان هەن و بەهاوکاریی خەڵکی پسپۆر نۆژەنیان بکەینەوە.

پارێزگاری دهۆک گوتی، باسی پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانمان کرد کە سەرکەتوو بوون و پەرە پێ بدەین، هاوکات باسی ئەشکەوتی شانەدەریش کرا وەک فاکتەری بوژانەوەی ئابووریی تاکوو گەشتیاری بۆ ڕابکێشرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی ئابووری، دەشڵێت، لەماوەیەکی کورتدا ناوی کوردستان و شانەدەر وای لێهات جیهان لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت لێی بگەڕێت.

Fly Erbil Advertisment