بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ڕاپەڕین: هەڵمەتی ڕێگریی لە تای خوێنبەربوون دەست پێ دەکەین

دکتۆر سەعدی تەییب، بەرێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین
دکتۆر سەعدی تەییب، بەرێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین

بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات، هەفتەیەکی دیکە، دەست بە هەڵمەتێک دەکەن بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون.

ڕۆژی پێنجشەممە (23ـی ئایاری 2024)، دکتۆر سەعدی تەییب، بەرێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ڕایگەیاند، هەفتەیەکی دیکە هەڵمەتی  ڕشاندن و کۆنتڕۆلی گەنە دەستپێدەکەن بۆ ڕێگری لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و ئەنفلەوەنزا.

ئاماژەی بەوشکرد، هیچ کەیسێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان نەبووە، دەشڵێت، ڕێنماییمان بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان داوەبە تەعقیم کردن ڕێنماییە تەندروستییەکان بەدروستی جێبەجێ بکەن، هاوکات لە کێلگەیەک بۆ کێلگەیەکی دیکە هاتوچۆ نەبێت، ئەوانەشی پابەند نەبن، دووچاری لێپرسیینەوە دەبن.

لەبارەی مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دەریاچەی دووکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ڕاپەڕین گوتی، ڤایرۆسێک لەنێو نەورەسەکان بڵاوبوەتەوە و بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان ناگوازرێتەوە، ئەو ڤایرۆسە بۆ مرۆڤیش ناگوازرێتەوە مەگەر بە نزیک بوونەوەی مرۆڤ لە نەورەسەکان.

بەرێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد، بۆ جەژنی قوربان ئامادەکاریی زیاتر دەکەن، بەڵام گەنە کە لە هاوین بڵاو دەبێتەوە و هۆکاری نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە، بۆ ئەوەش هەڵمەتێکی ڕشاندن بەڕیوە دەبەن.

پێشتر، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، لە کۆنفراسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، ڕۆژانە ڕاپۆرتەکانی ڤێتەرنەریمان پێ دەگات کە دۆخەکە بەرەو کۆنترۆڵکردنە و نزیکە ژیان لە دوورگەی نەورەسەکان ئاسایی ببێتەوە.

بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: خۆشبەختانە نەخۆشکەوتن و مرداربوونەوەی نەورەسەکان هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی نەبووە لە سەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێو پەلەوەرەکانی دەڤەرەکە.

هەروەها ئاماژەی دا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی و ڕێکخراوی فاو بە هاوبەشی لە سەر کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتایەی لە دوورگەکە بڵاوبووەتەوە، کار دەکەن.

لە بارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکارە تەکنیکییەکانی دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری سەرپەرشتیی راستەوخۆی لێژنەکانی بەڕێوبەرایەتییەکانی ڤێتەرنەری دەکات لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرمانڕێژکردنی ئەو شوێنانەی ئاژەڵانی تێدا بەخێو دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment