تریفە نەجات: دوو پرۆژەی قیرتاوکردن لە توڕەق جێبەجێ دەکرێن

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری شارەوانی شەش لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، خزمەتگوزاریی دەگەیەندرێتە سەرجەم گوندەکان. هاوکات گوتی: دوو پرۆژەی قیرتاوکردن لە توڕەق جێبەجێ دەکرێن.
تریفە نەجات، بەڕێوەبەری شارەوانی شەش لە هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر داهاتی 15%ـی شارەوانیمان لە ئێستادا چەند پرۆژەیەک بۆ ئەو گوندانە جێبەجێ دەکرێت کە تا ئێستا خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە، پرۆژەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە قیرتاوکردنی شەقامەکان و کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکان.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا دوو پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە توڕەق لە قۆناغی جێبەجێکردندان و کە 85%ـی کارەکانیان تەواو بوونە، هەروەها جێبەجێکردنی پرۆژەکان ناوەستن و بەردەوام دەبن.
باسی لەوەش کرد، پڕۆژەیەکی دیکەمان هەیە ئەویش بۆ گوندی سوێرییە، کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە کۆنکرێتکردنی 13 کۆڵانی گوندەکە، لە ئێستادا پرۆژەکە لە قۆناغی تەنەدەرینگەوە لە نزیکترین کاتدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ناوبراو باسی لە گرنگی قیرتاوکردنی شەقامەکان و کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکان کرد و گوتی: زۆرینەی ئەو کۆڵان و شەقامانەی گوندەکان کە تا ئێستا خزمەتگوزاری قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنیان بۆ نەچووبوو، دانیشووانی بەدەست بوونی قوڕ و لیتەوە دەیانناڵاند، بە تایبەت لە وەرزی زستان و کاتی باران باریندا.