دادگەی دادی نێودەوڵەتیی فه‌رمانیكرد ئیسرائیل ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆسه‌ر ره‌فه‌ح بوه‌ستێنێت

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا جیهانییه‌كان، دادگەی دادی نێودەوڵەتیی فه‌رمانیكرد، ده‌ستبه‌جێ ئیسرائیل ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆسه‌ر ره‌فه‌ح بوه‌ستێنێت و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسیش ده‌ڵێت، دەبوایه‌ بڕیارەکە بۆ هەموو کەرتی غەززە بووایە.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 24ـی ئایاری 2024) ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، باشووری ئه‌فریقا، داوای له‌ دادگەی دادی نێودەوڵەتیی ‌ كردووه‌، ته‌لئه‌ڤیڤ هێرشه‌كانی بۆسه‌ر ره‌فه‌ح له‌ باشووری كه‌رتی غه‌ززه‌ بوه‌ستێنێت و دەستبەجێ دەروازەی رەفەحیش بكاته‌وه‌.

دوای دانیشتنیی دادگەی دادی نێودەوڵەتیی، نووسینگەی بنیامین نا‌تانیاهۆی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگەی دادی نێودەوڵه‌تیی، نا‌تانیاهۆ لەگەڵ چەند وەزیرێک کۆدەبێتەوە. حەماسێش دەڵێت، دەبوایه‌ بڕیارەکە بۆ هەموو کەرتی غەززە بووایە.

نەواف سەلام، سەرۆکی دادگەی دادی نێودەوڵەتیی لە دانیشتنەکە رایگه‌یاند، دادگە بڕیاریداوە، داوا لە ئیسرائیل بکات ده‌ستبه‌جێ ئۆپەراسیۆنە سه‌ربازییه‌كانی لە رەفەح رابگرێت و دەروازەی رەفەحیش بۆ ناردنە ژوورەوەی هاوکارییه‌ مرۆییه‌كان بە کراوەیی بهێڵێتەوە.

سەرۆکی دادگه‌كه‌، هەروەها رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل بەبێ دروستکردنی هیچ کۆسپێک رێگە بدات چەند لێکۆڵەرێک بچنە غەززە و لێکۆڵینەوە بکەن.

پێشتریش ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی"ئۆنروا" ڕایگەیاندبوو، تاوەکوو ئێستا، نزیکەی 150 هەزار کەس بەهۆی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح هەڵاتوون.

هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی رابردوودا ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتووانی شاری ڕەفەح کرد شارەکە چوڵ بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیەتی بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی، ئاماژەی بەوەش کردبوو، دەچێتە ناوچەیەک لە باکووری غەززە کە حەماس ڕیزەکانی خۆی ڕێک خستۆتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی دیکە ماوەی چەند هەفتەیەکە هۆشداری دەدەن لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر لە نزیک خاڵە سەرەکییەکانی چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکان، هاوکارییە مرۆییەکان پەکدەخات و دەبێتە هۆی ڕوودانی کارەساتی مرۆیی.

 زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار فەڵەستینی کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی غەززەن، پەنایان بۆ شاری ڕەفەح بردووە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.