دانیشتووانی کەنگاوەر داوای نۆژنکردنەوەی پەرستگەی ئەناهیتا دەکەن

شوێنەواری پەرستگەی ئەناهیتا لە شاری کەنگاوەر - پارێزگای کرماشان
شوێنەواری پەرستگەی ئەناهیتا لە شاری کەنگاوەر - پارێزگای کرماشان

دانیشتووانی شاری کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی ئاناهیتا دەکەن بۆ ئەوەی شوێنەوارەکە ببێتە بەشێک لە ناوەندەکانی ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ دەڤەرەکە.

پەرستگەی ئاناهیتا لە شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە. ئەم  پەرستگەیە بینایەکی گەورەی بەردینە بۆ ستایشی ئاناهیتا، خواوەندی کانی و باران دروست کراوە و هێندێک سەرچاوەش پێیان وایە یەکێک لە کۆشکە ناتەواوەکانی خەسرەو پەرویز، دوایین پاشای ئیمپراتۆریی ساسانییە.

پەرستگەی ئاناهیتا، گەورەترین بینای بەردینی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە لە ساڵی 1957دا بەشێکی زۆری وێران بووە، بەڵام هێشتا دیارە کە یەکێک لە پڕشکۆترین بیناکانی سەردەمی خۆی بووە.

هاووڵاتییەک دەربارەی مێژووی پەرستگەکە دەڵێ "کەنگاوەر لە باری کەشوهەواوە لە ناوچەیەکی زۆر باش هەڵکەوتووە، هەر بۆیە پایتەختی دەوڵەتەکانی ئەشکانی و ساسانی بووە. لە ئایینی زەردەشتیدا خواوەند ئاناهیتا هەبووە، بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، پەرستگەی ئاناهیتا لە کۆتایی دەوڵەتی ئەشکانی دروست کراوە و هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە لە سەردەمی دەوڵەتی ساسانیدا بنیات نراوە. پەرستگەکە لە باری ڕووبەرەوە پەرستگەیەکی زۆر گەورەیە، هەرچەند دەکرێ شوێنێکی گەشتیاریی زۆر گرنگ بێت، بەڵام بەداخەوە کارێکی وای بۆ نەکراوە".

هەندێک سەرچاوە مێژووی دروستکردنی ئەو پەرستگەیە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئایینی میترایی، لە سەدەکانی بەر لە زایینی مەسیح، هەندێکی دیکەش دەڵێن لە سەردەمی هەخامەنەشییەکانەوە دەست بە دروستکردنی کراوە.

بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان دانانی بەردی بناغەی ئەو پەرستگەیە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی خەسرەو پەرویزی ساسانی و ژمارەیەک لە توێژەرانیش پێیان وایە لە سەدەی سێی پیش زایین، دەست بە دروستکردنی کراوە. بەڵام هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە لە دوایین ساڵەکانی ئیمپراتۆریی ساسانیدا تەواو بووە.

دانیشتووێکی شاری کەنگاوەریش دەڵێ "ئێرە کەنگاوەرە و دەروازەی پارێزگای کرماشانە. پەرستگەی ئاناهیتا لە چوارچێوەی ئێستای ئێراندا دووەمین بینایی بەردینی مێژووییە. هیوادارم بەرپرسان کار بکەن بۆ نۆژەنکردنەوە، چونکە دەکرێ ببێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاریی لە پارێزگای کرماشان".

پەرستگەی ئاناهیتا لەسەر گردێک بە بەرزایی 32 مەتر لە دەشتی کەنگاوەر دروست کراوە. دەوروبەری پەرستگەکە بە دیواری بەردین دەورە دراوە و هەر بە بەردیش چەندین سەکۆ دروست کراون بۆ ئەوەی ناڕێکیی سەر گردەکە ڕاست بکەنەوە. ڕووکاری سەرەکیی پەرستگەکە لە لای باشووری گردەکە هەڵکەوتووە. هەر لە دەرگای چوونە ژوورەوە، دوو ڕیز پلیکان خەڵکەکەیان دەگەیاندە ناو پەرستگەکە.