دانا تەقیەدین: رێگری لە سەردانی لاهوور و گیراوانی دیکە دەکرێت

 گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار، دوایین رووداو و پێشهاتەکانی تایبەت بە دۆسییەکەیان خستەڕوو و رایگەیاند، بارودۆخی دەستبەسەرکراوەکان لە چەند رۆژی رابردوودا جێگەی نیگەرانی بووە.

پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار، تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر دەستبەسەرکردنیان، بەڵام تا ئێستا رێگری لە سەردانیکردنی کەسوکار و تیمی پارێزەران دەکرێت، ئەمەش دۆخێکی نادادپەروەرانەی دروست کردووە. هەروەها روونیشیکردەوە، گیراوان بە هیچ شێوازێک رووبەڕووی پێشێلکاریی جەستەیی نەبوونەتەوە، بەڵام شێوازی مامەڵەکردن و رێکارە یاساییەکان جێگەی سەرنج و گلەیین.

لە بارەی دۆخی لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگی گوتی، هەردوو باریەکە لە یەک ژووردا دەمێننەوە و هەر لەو جێگەیە چێشتاخانە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینکراوە، تایبەت بە لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، لەو ماویەی لە زینداندایە، زیاتر کاتەکانی بە خوێندنەوە و نووسین بەسەر دەبات. 

سەبارەت بە گیراوانی دیکەی لالەزار، دانا تەقییەدین گوتی، لە چەندان شوێن بەندکراون، لەوانە چاکسازیی گەوران و هەندێک لە زیندانەکانی دیکە. گوتیشی، لە هەموو زیندانەکاندا تەنیا چاکسازیی گەوران بە باشی مامەڵەی ئاسایی لەگەڵ زیندانییەکان دەکرێت و لە رووی خواردن و شوێنی حەوانەوەشەوە هەر ئەو جێگەیە باشترە بۆ زیندانییەکان. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، ئەوان وەک تیمی داکۆکیکار، لە رێگەی یاساوە بەدواداچوون بۆ هەموو رێکارەکان دەکەن و داوایانکرد، دادگاکان بە شێوازێکی بێلایەن و دوور لە دەستوەردان مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکەدا بکەن، بۆ ئەوەی مافی یاسایی گیراوان پارێزراو بێت و زووتر چارەنووسیان یەکلا بکرێتەوە.