ئاماری فەرمی: توندوتیژیی ژیانی کۆمەڵایەتیی تورکیا دەهەژێنێت

سێ هەزار و 820 ڕووداوی توندوتیژیی چەکداریی لە ماوەی ساڵێکدا لە تورکیا، کوژرانی زیاتر لە دوو هەزار و 318 کەس و برینداربوونی سێ هەزار و 820 کەسی دیکەشی لێ کەوتووەتەوە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، توندوتیژیی ژیانی کۆمەڵایەتیی لە تورکیا پەرەی سەندووە و ئامارەکان نیشانی دەدەن، بۆ یەکلایی کردنەوەی زۆرینەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، پەنا بۆ چەک دەبردرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەری "ئوموت" تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، دوو هەزار و 318 کەس بەهۆی بەرجەستەبوونی توندوتیژیی لە یەکلایی کردنەوەی پرسە جیاوازەکان بە تایبەت پرسە کۆمەڵایەتییەکان، کوژراون و سێ هەزار و 820 کەسی دیکەش بریندارکراون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا سێ هەزار و 773 هێرشی چەکداری ڕوویان داوە کە %29ـیان لە ناوچەی "مەڕ مەڕە"ـی سەر بە ئیستەنبوڵ ڕوویان داوە.
بە گوێرەی ئامارەکان، ئیستەنبوڵ زۆرینەی ئامارەکانی توندوتیژیی چەکداری لەخۆ گرتووە کە 505 هێرش و ڕووداوی چەکداریی ڕوویان داوە و بەهۆیەوە 321 کەس کوژراون و 498 کەسی دیکەش بریندار بوونە. زۆرینەی ڕووداوەکانیش بە هۆی دروستبوونی کێشەی دارایی لە نێوان هاوڕێکان و پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە خزمایەتییەوە بوون.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا 34 هەزار ڕووداوی چەکداریی لە تورکیا ڕوویانداوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 21 هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا هاووڵاتیانی تورکیا نین لە تورکیا رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵکوو پەنابەرانیش بوونەتە بەشێک لە پرۆسەکە بە تایبەت دوای ئەوەی لە مانگی دێسەمبەری ساڵی ڕابردوو وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، "لەمەودوا بە توندی مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا دەکەین". هاوکات حکوومەتی تورکیا ڕێوشوێنەکانی پێدانی مافی مانەوەی توندتر کردووە و مافی مانەوەی کاتی و هەمیشەیی لە بەشێک لە پەنابەران سەندووەتەوە؛ ئەمەش ڕەخنەی توندی لە لایەن ڕێکخراوەکانی بواری کۆچبەران و مافەکانی مرۆڤ لێ کەوتەوە.
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، تورکیا بە زۆرەملێ یاداشتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بە پەنابەرانی سووری پڕ دەکاتەوە و تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 20 هەزار پەنابەری ڕەوانەی وڵاتەکەیان کردووەتەوە.
جگە لە پەنابەرانی سووری، زیاتر لە 320 هەزار هاووڵاتیی عێراقی، ئەفغانی و مەغریبی، لە تورکیا پەنابەرن ، لەمانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە تورکیا چوار کاروانی کۆچبەری ئەفغانی ڕەوانەی وڵاتەکەیانی کردووەتەوە.