عەلی ئەلهێل: هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان پێشەنگ دەبێت

K24 – هەولێر:
شارەزاییەکی سیاسی و هاوکات مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی وزە و گەشتوگوزار، هەورەها هەرێمەکە هاوبەشێکی سەرەکی قەتەرە. ناوبراو لەبارەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان گوتی: هەرێمی کوردستان دەچێتە نێو پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و پێشەنگ دەبێت لە پرۆژەکە.
عەلی ئەلهێل، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، سوودی بۆ لایەنی سیاسی، گەشتوگوزار و ئابووری، هەردوولا دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی گەشتوگوزار لە جیهان، کوردستان سروشت و جوگرافیایەکی لەباری هەیە بۆ کشتوکاڵ و چەندەها دیمەنی جوانی تێدایە تا سەرنجی گەشتیارانی قەتەر بۆخۆی ڕابکێشێت.
ئەو شارەزاییە سیاسییە دەڵێت: قەتەر زۆر گرنگی بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەدات، ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ڕەخساندنی زۆرترین هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی خۆی، بە گەشتی پەیوەندی وەبەرهێنانی نێوان هەولێر و دەوحە لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، عەلی ئەلهێل، گوتی: هەرێمی کوردستان دەچێتە نێو پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و هەرێمەکە پێشەنگ دەبێت لە پرۆژەکە، هەروەها قەتەر لە چەندین بواردا هاوکاری هەرێمی کوردستان دەبێت بە تایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان.
عەلی ئەلهێل، جەختی لەوە کردەوە، قەتەر وڵاتی ئاشتییە و هیواخوازە ئاشتی و ئاسایش هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ناوبراو دەڵێت: قەتەر نێوەندگیر بووە لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لە دۆسیەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانیان، هەروەها نێوەندگیر بووە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، بۆ هەمان مەبەست، ئەم ڕۆڵەی قەتەر لە ناوچەکە گێڕاوێتی وایکردووە پێشەنگ بێت لەسەر ئاستی جیهان.
سەبارەت بە پەیوەدنییکانی نێوان قەتەر و هەرێمی کوردستان، ئەو شارەزاییە سیاسییە، ڕایگەیاند، قەتەر و هەرێمی کوردستان دەیانەوێت سەقامگیری ئابووری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت و، هەرێمی کوردستانیش هەمیشە ئاشتی ویستووە.
هاوکات راشیگەیاند، لە قەتەر ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەدار و خاوەنکاری کورد هەیە، هەرێمی کوردستان هاوبەشی قەتەرە لە پەرەپێدانی لایەنی ئابووری و ستراتیژی، پەیوەندییەکەش لە ژینگەی وەبەرهێنان و سیاسی دروست بووە، جۆرێک لە ڕاشکاوی لەنێوان سەرکردەکانی هەردوولا هەیە و، گەلانی کەنداو هەمیشە هیواخوازن بۆ مەبەستی گەشتیاریی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لەبارەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، عەلی ئەلهێل، گوتی: هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبار و فرەچەشن و هەمەجۆری هەیە، ئابوورییەکی باشی هەیە و توانای وەبەرهێنانی باشی هەیە.
گوتیشی: هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەزموونی قەتەر بۆخۆی بگوازێتەوە کە ئەمەش سوودی بۆ هەرێمەکە دەبێت، هەروەها ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان پێکهاتەکانی هەرێمەکە هەیە کارتێکەرێکی سەرەکییە بۆ سەرخستنی هەر پرۆژەیەکی وەبەرهێنان، ئابووریی و گەشتیاری.
کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر
ئهمڕۆ یهكشهممه (26ـی ئایاری 2024)، به ئامادهبوونی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی، ئهحمهد حەسەن ئەلحمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و حسێن بن علی ساڵح، کونسوڵی گشتیی قەتەر لە ههولێر، بەرپرسانی حزبی و حکوومی كونسوڵخانهی گشتیی قهتهر له ههولێر کرایەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێك لە ڕێورەسمەکەدا گوتی: بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی قەتەری دەکەین کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جۆراوجۆەکاندا پرۆژەی ئەنجام بدەن و ئێمەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک لەم بوارەدا.
ههروهها سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، هیوای خواست كردنهوهی كونسوڵخانهی گشتی قهتهر ببێته هۆی بهرهوپێشچوونی زیاتری پهیوهندی نێوان ههولێر و دهوحه.
لای خۆیەوە ئهحمهد حەسەن ئەلحمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕایگەیاند: کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر هاوئاراستەیە لەگەڵ سیاسەتی قەتەر بۆ زیاترکردنی وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوکات هیواخوازە پێشکەوتنی زیاتر لە پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر، عێراق و هەرێمی کوردستان ببینێت.
رۆژی یەکشەممە (26ـی ئایاری 2024) بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر، چەندان ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، هەروەها هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە لەنێوان دامەزراوەکانی حکوومەت بە گشتی و بەتایبەت دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ کونسوڵخانەی قەتەر.
بەگوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، "قەتەرییەکان چاوییان لە وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە وەبەرهێنە قەتەرییەکان پارەدارکردنی چەند پڕۆژەیەکییان کردووە لە هەرێمی کوردستان".