له‌ چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌مدا سێ كه‌س له‌ به‌غدا خۆیان خنكاند

به‌غدای پایته‌ختی عێراق
به‌غدای پایته‌ختی عێراق

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ به‌غدا ڕایگه‌یاند، له‌ سێیه‌م ڕووداودا كه‌ له چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م له‌‌ به‌غدا تۆماركراون‌، ژنێك كه‌ به‌ ته‌مه‌نێكی بچووكه‌وه‌ هاوسه‌رگیری كردووه‌ و هه‌روه‌ها گه‌نجێكیش له‌ رێگه‌ی په‌تێكه‌وه‌ خۆیان خنكاند.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ڕاشیگه‌یاند، ئافره‌ته‌كه‌ به‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵی به‌ شوودراوه‌، له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی له‌ گوندێكی سه‌ربه‌ قه‌زای ئه‌بوغرێب له‌ باكووری به‌غدا، له‌ ڕێگه‌ی په‌تێكه‌وه‌ خۆی خنكاندووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌ ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ڕوویان له‌ ناوچه‌كه‌ كرد و ته‌رمی ئافره‌ته‌كه‌یان گواسته‌وه‌ پزیشكی داد له‌ به‌غدا و ده‌ستیش به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی هۆكاری رووداوه‌كه‌ كرا.

له‌ رووداوێكی دیكه‌ له‌ به‌غدا، گه‌نجێك له‌ رێگه‌ی په‌تێكه‌وه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌ی سه‌دری به‌غدا خۆی خنكاند‌ و ته‌رمه‌كه‌ی گوازرایه‌وه‌ پزیشكی دادی ئه‌و شاره‌.

پێشتریش سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی به‌غدا رایگه‌یاندبوو، هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌ی سه‌در له‌ به‌غدا، پیاوێك له‌ ڕێگه‌ی په‌تێكه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كه‌یدا خۆی خنكاندووه‌.