پاوە.. بڕوانامەی فێربوونی ڕێنووسی کوردی بە 40 فێرخواز بەخشرا

لاوان و بە ساڵاچووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پەرۆشەوە هەوڵی فێربوونی ڕێنووس و ڕێزمانی زمانی دایک دەدەن، لە درێژەی چالاکییەکاندا لە پاوەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە پێدانی بڕوانامەی فێربوونی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی خولێکی فێرکردنی نووسین و خوێندنەوەی کوردی بەڕێوە چوو کە تێیدا 40 فێرخواز بەشدار بوون و مامۆستایەکی خۆبەخش وانەی زمانی دایکیی پێ گوتوونەتەوە و بڕوانامەی بە شکۆی فێربوونی زمانی دایکی پێ بەخشین.

لەبارەی خولەکەوە سروە مورادی، مامۆستای خۆبەخش دەڵێ: خۆشحاڵم لێرە لە خزمەتی 40 خانمی سەربەرزی شاری پاوەم بۆ پێشکەشکردنی بڕوانامەی زمانی دایک بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی هەورامی.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو شار و ناوچەکان بە شێوەی جۆراجۆر هەوڵیان داوە پەرە بە زمان و فەرهەنگی کوردی بدەن، یەکێک لەو چالاکییانەش دامەزراندنی ڕێکخراوەیلی فێرکردنی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردییە کە مامۆستایانی کوردیزان بە خۆبەخشی ئەرکی وانە گوتنەوەکەی بەڕێوە دەبەن و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنیش پشتگیرییان دەکەن.

دکتۆر بورهان وەڵەدبەگی، چالاکی مەدەنی دەڵێ: ئێمە لە کۆمەڵگەی مەدەنی ناوچەی هەورامان چاپکراوێکمان هەیە و لە سەری نووسراوە دەبێت هەم دەوڵەت و هەم دەسەڵات و هەم خەڵک، پارێزگاریی فەرهەنگ بکەن بە تایبەت پارێزگاریی زمانی دایک بکەن.

لەو ساڵانەدا ژمارەیەکی بەرچاوی کچان و کوڕان، لاوان و تەنانەت کەسانی بەساڵداچووش بۆ فێربوونی نووسین و خوێندنەوەی زمانی دایک لەو خولە فێرکارییانەدا بەشدار بوون و شانازی بە وەرگرتنی بڕوانامەکانیان دەکەن.

نیان حسێنی فێرخواز دەڵێ: بەخۆشحاڵییەوە وەک کچە کوردێک لەم خولەدا بەشدار بووم و بڕوانامەکەشم بەدەستهێنا کە تایبەتە بە ڕێنووس و خوێندنی زمانی کوردییە.

 لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زمانی فەرمیی خوێندن بۆ هەموو گەلانی ئەو وڵاتە تەنیا زمانی فارسییە، خوێندن بە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی لەو وڵاتە بەفەرمی نەناسراوە، تەنیا لە ماددەی 15ی دەستووری وڵاتەکەدا ئاماژە دراوە، فێربوونی زمانی دیکە لە پاشکۆی زمانی فارسییەوە ئازادە. ئەمەش لە کاتێکدایە ڕێکخراوی یونسکۆ هۆشداری داوە لە کۆی زمانی پێکهاتەکانی ئێران زیاتر لە 20 زمان و شێوەزار لەبەردەم مەترسیی لەناوچووندان.

Fly Erbil Advertisment