بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی: مانەوەی یۆنامی لە عێراق زۆر پێویستە
بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لایان وایە کۆتاییهاتنی ئەرکی یۆنامی لە عێراق، بە مانای دابڕانی بەغدا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێت و بە پێویستیشی دەزانن نوێنەرایەتییەکە درێژە بە کارەکانی بدات.
کۆتایی ساڵی داهاتوو، یۆنامی عێراق جێدەهێڵێت و کۆتایی بە ئەرکەکانی دەهێنێت. ئەگەرچی بەشێک لە بەرپرسانی عێراق پێشوازیی لەم هەنگاوە دەکەن، بەڵام زۆرینە لایان وایە ڕۆیشتنی یۆنامی بە مانای دابڕانی عێراقە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی .
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک لەو بارەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "زۆر پێویستە یۆنامی لە عێراق و بە تایبەت لە کەرکووک بمێنێتەوە کە بەپێی ماددەی 140ـی دەستوور، ناوچەیەکی کێشەلەسەرە و بێجگە لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە بۆ ئەوەی نێوەندگیریی بکات".
یۆنامی لە 20 ساڵی ڕابردوو لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان، مافی مرۆڤ، ئاشتی، پێکەوە ژیان، پێشکەشکردنی ئامۆژگاری، پاڵپشتی بۆ گفتوگۆی سیاسی، پێشخستنی چاکسازی دادوەری و یاسایی؛ ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. جێهێشتنی عێراقیش لەم کاتەدا کە هێشتا پایەکانی دیموکراسیی، لەژێر پرسیاردان بە "بوومەلەرزەیەکی سیاسی" وەسف دەکرێت.
حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەدات، "سەروەریی عێراق هیچ کات سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە و جەمسەرگیرییەکەی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکوومەت هەبووە و بەردەوام دەستوەردانی دەرەکی هەبووە".
لەلایەن خۆیەوە ڕەسووڵ ڕەئوف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ئەوەی خستە ڕوو، ڕۆیشتنی یۆنامی کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی عێراق دەبێت، چونکە ئەو کاتە "زۆرینە و کەمینە زیاتر بەسەر بڕیارە ئیداری و دادوەرییەکاندا دەسەپێندرێن".
یۆنامی، نوێنەرایەتییەکی سیاسی تایبەتە؛ لە ساڵی 2003 بەپێی بڕیارنامەی 1500ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دامەزراوە. لە ساڵی 2007 بەپێی بڕیاری 1770 بە شێوەیەکی بەرچاو ئەرکەکانی زیاتر فراوان بوو، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا کۆتایی ساڵی 2025 کۆتایی بەئەرکەکانی بهێنێت.
لە چاودێریکردنی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، یۆنامی زۆرجار لە ڕاپۆرتەکانیدا ئاماژەی بە پێشێلکارییەکان کردووە لە بەرامبەر کورد، بە کۆتایی هاتنی ئەرکەکانیشیان نووسینەوەی ڕاپۆرتەکانیش کۆتاییان دێت.