قشڵەی ئاکرێ نۆژەنکرایەوە و مەترسی داڕمانی لەسەر نەماوە

K24 – هەولێر:
لە چوارچێوەی گرنگیدان بە شوێنەوار و کەرتی گەشتیاری، قشڵەی ئاکرێ بە گوژمەی 166 ملیۆن دینار نۆژەن کرایەوە و بەڕێوهبهری شوێنهوار و كهلهپووری ئاكرێش دەڵێت: مەترسیی داڕمانی لەسەر نەماوە.
قشڵەی ئاکرێ دەکەوێتە سەنتەری بازاڕی ئاکرێی کۆن، کە شوێنێکی ستراتیژیی باشی هەیە و بە تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن کرایەوە. ئەم قشڵەیە لەسەر ڕووبەری هەزار و 400 مەتر چوارگۆشەیە، لە دوو نهۆم و 30 ژوور و سێ هۆڵ پێکدێت.
هیوا شیمال، بەڕێوهبهری شوێنهوار و كهلهپووری ئاكرێ، به فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگهیاند: ''بە گوژمەی 166 ملیۆن دینار قشڵەی ئاکرێ لەسەر شێوازی کۆنی خۆی نۆژەن کرایەوە؛ لە ئێستادا مەترسیی داڕمانی لەسەر نەماوە. لە پلانماندا هەیە کە دوو مۆزەخانەی شوێنەواری و کەلەپووری، هەروەها گەلەریی ڕۆشنبیری و پەرتووکخانە بە مەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و سەردانی زیاتری گەشتیارانی بیانی بۆ قەزای ئاکرێ دروست بکەین".
هەروەها گوتیشی: "پێویستمان بە ملیارێک و 400 ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قشڵەیە بە شێوەیەکی گشتی، بۆ ئەوەی بیکەین بە مۆزەخانە و چەندین کەلوپەلی شوێنەواریی مێژوویی لەو قشڵەیە دابنێین؛ لەپێناو سەرنجڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران بۆ قەزاکەمان".
قشڵەی ئاکرێ يەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی ئاکرێ؛ بە نۆژەنکردنەوەی دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و سیمایەکی جوان بە قەزای ئاکرێ دەبەخشێت و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و بەردەوامیش دەبێت.