کوردستان24 چیرۆکی سەرکەوتنی گەنجێک لە وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان بڵاو دەکاتەوە

دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیان و گیانی گەنجانی عێراق؛ کوردستان24 چیرۆکی گەنجێکی پارێزگای دیوانییە دەگێڕێتەوە کە چۆن دوای حەوت ساڵ لە ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، توانیوییەتی وازیان لێ بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی.

محەممەد، یەکێکە لەو گەنجانەی ماددەی هۆشبەری بە ڕێژەیەکی زۆر بەکار هێناوە، بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ ناخی خۆیدا جەنگاوە و وازی لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان هێناوە.

محەممەد بە سەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێ "هاوڕێیەکم هات و گوتی ئەمە هەڵمژە، لێم پرسی ئەمە چییە؟ گوتی گوێی مەدێ و هەڵیمژە. منیش بە قسەم کرد، دوای نزیکەی حەوت کاتژمێر گەڕایەوە و هەمان شتی پێ دامەوە. ئیدی وردە وردە هەستم کرد کار لە ئەقڵم دەکات، تا وای لێهات، 7 ساڵ تووشی ئاڵوودەیی بووم. لە قۆناغێکدا وام لێ هات، دەرزی و هەڵمژین کاریان تێم نەدەکرد، بەڵكوو وەکوو خواردن دەمخوارد.

محەممەد، بۆ کوردستان24 باسی هەستی خۆگرانی ماددە هۆشبەرەکان دەکات و دەڵێ جیهانی ماددە هۆشبەرەکان جیهانێکی دوور لە مرۆڤبوونە و گەیشتنە بە قۆناغێک کە مرۆڤ هەرچیی هەیە لە دەستی بدات. نکۆڵی ناکات لەوەی ویستوویەتی تاکە منداڵەکەی بە ماددە هۆشبەرەکان بگۆڕێتەوە، ئەگەر بەهۆش خۆی نەهاتبایەوە.

محەممەد دەڵێت "هەموو شتێکم لەدەست چوو، خێزانەکەم، کەسوکار و ئیشوکار، هەموویانم لەدەست دا، لەکۆتاییدا منیان بردە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە بەغدا و سوپاس بۆخوا دوای وەرگرتنی چارە و هەوڵدانی زۆری پزیشکەکان، کە بەڕاستی زۆر پێمەوە هیلاک بوون، بەهۆی هەوڵی بەردەوامی ئەوانەوە تەندروستیم زۆرباش بوو و وازم لەو ماددانە هێنا".

دایکی محەممەد ئافرەتێکی بەساڵاچووە و  ئەو ڕۆڵێکی سەرەکی گیڕاوە لە چیرۆکی وازهێنانی کوڕەکەی لەماددە هۆشبەرەکان بۆ کوردستان24 دەڵێ "بە زۆر لەو دۆخە ڕزگارمان کرد، تەنانەت هەندێکجار ناچاردەبووم کەلەپچە لە دەستەکانی بکەم. زۆرجار لەگەڵ هاوڕێکانی بەشەڕ دەهاتم و دووریانم دەخستنەوە لێی. وای لێهاتبوو خەریک بوو بەتەواوی هۆشی لەدەست بدات. تا لەکۆتاییدا ڕەوانەی بۆ بەغدامان کرد و چارە کرا، دۆخی بەجۆرێک بوو کە ژنەکەی تەڵاق دا، لە ترسا ناچاربووم منداڵەکەیم ڕفاند و جیام کردەوە لێی، نەوەک بۆ کڕینی ماددەی هۆشبەر منداڵەکەشی بفرۆشێت".

چیرۆکی سەرکەوتنی محەممەد وەک گەورەترین پەیام دەمێنێتەوە بۆ خۆگران و ئالوودەبووان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان کە هیچ شتێک مەحاڵ نییە و مرۆڤ گەر ئیرادەی هەبێت دەتوانێت هەر بڕیارێک بدات.

Fly Erbil Advertisment