بە ڤیدیۆ؛ سەرۆکوەزیران داوا لە خێزانێکی دهۆکی دەکات پێکەوە بەردی بناغەی دوو پارک دابنێن

ئەندامێکی بنەماڵەیەکی ژینگەپارێزی دهۆک بەشداریی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک دەکات
ئەندامێکی بنەماڵەیەکی ژینگەپارێزی دهۆک بەشداریی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی بنەماڵەیەکی "ژینگەپارێز"ـی شاری دهۆک پێکەوە بەردی بناغەی دوو پارکیان دانا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان لە گەڕەکی (بەرۆشکێ)ـی شاری دهۆک؛ داوای لە بنەماڵەیەکی "ژینگەپارێز"ـی شارەکە کرد پێکەوە بەردی بناغەی هەردوو پارکەکە دابنێن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەم بنەماڵەیە زۆر خۆیان بە پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی شاری دهۆک ماندوو دەکەن، بۆیە دوایان لێ دەکەم و زۆر دڵخۆش دەبم لەگەڵمدا بەردی بناغەی هەردوو پارکەکە دابنێین".

ڕووبەری پارکی "ئالۆکا" یەک ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجا و پارکی "سەرهەلدان"ـیش 130 هەزار مەتر دووجایە و بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دروست دەکرێن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا لە گوتارێکدا گوتی، "بەداخەوە لە ڕووی سەوزاییەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا لە ئاستی پێویست و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە. هەر چەندە پارێزگای دهۆک لەم ڕووەوە لە ناوچەکانی دیکە باشترە؛ بەڵام پێویستە بایەخێکی زیاتر بە زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بدەین".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پاراستنی ژینگە جەختی لەوە کردەوە، "خوای گەورە سروشت و ژینگەیەکی جوانی پێداوین، پێویستە بیپارێزین و بە پاکی بهڵێینەوە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووش سوودی لێ ببینن. ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێی تواناکان، چەند هەنگاوێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ناوە".

 

Fly Erbil Advertisment