مەسرور بارزانی: بە بەرپرسانی بەغدام گوت با پێکەوە عێراق و هەرێمی کوردستان پێش بخەین

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کاتی سەردانەکەی بۆ بەغدا، بە لایەنە سیاسییەکانی گوتووە، "با بەیەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان دابنێین". ئاماژە بەوەش دەدات، "وڵاتێکی دەوڵەمەندمان هەیە، تەنها ئیدارەدانێکی باشترمان پێویستە تاوەکو بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان". 

ئەمڕۆ دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا، بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان لە گەڕەکی (بەرۆشکێ)ـی شاری دهۆک، بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دانا.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی لەبارەی پلان و بەرنامەی کابینەی نۆیەم بۆ زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا، سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێشکەش کرد.

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پارکەکە لە دهۆک
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پارکەکە لە دهۆک

 

سوود و گرنگیی هەردوو پارکەکە بۆ هاووڵاتییانی دهۆک

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان "چەندان خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆیان دەگرن و خزمەتێکی باش دەگەیەننە دانیشتووانانی شارەکە، چونکە ڕووبەری هەردوو پارکەکە زۆر فراوانە و هیوادارم ئەم پارکانە ببنە شوێنێکی باش بۆ کات بەسەربردنێکی خۆش. هەروەها تەواوبوونی ئەم دوو پارکە دیمەنێکی دڵڕفێن دەداتە دهۆکی ڕەنگین و کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای ناو شاری دهۆک دەبێت".

پلانی حکوومەت بۆ زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ دا، "بەداخەوە لە ڕووی سەوزاییەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا لە ئاستی پێویست و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە. هەر چەندە پارێزگای دهۆک لەم ڕووەوە لە ناوچەکانی دیکە باشترە؛ بەڵام پێویستە بایەخێکی زیاتر بە زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بدەین".

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی گوتی، "ڕێنمایی پێویستی دەرکردووە بۆ زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی و چاندنی داروبار لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە تایبەت لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون".

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پارکەکە لە دهۆک
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پارکەکە لە دهۆک

 

05ـی ئایاری هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە. سەرۆکوەزیران گوتی، "ئەم ڕۆژە جیهانییە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی داکۆکیی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم لە بواری پاراستنی ژینگەدا، کە نابێت تەنها ئەرکی حکوومەت بێت، بەڵکوو ئەرکی هەموومان و هاووڵاتییان بێت."

ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پاراستنی ژینگە جەختی لەوە کردەوە، "خوای گەورە سروشت و ژینگەیەکی جوانی پێداوین، پێویستە بیپارێزین و بە پاکی بهڵێینەوە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووش سوودی لێ ببینن. ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێی تواناکان، چەند هەنگاوێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ناوە".

 

گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک لە دهۆک
گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک لە دهۆک

 

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، "بە گوێرەی شرۆڤە و لێکدانەوەکانی زانایانی ئەم بوارە، ناوچەکەمان یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی بە سەختی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆیە هەستاوین بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک هەنگاو و ڕێکاری پێویست بۆ ئەوەی ڕووبەرووی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە".

لەبارەی ئەوەی کابینەی نۆیەم چی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، کاریان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی ئەو گازانە کردووە کە لە کێڵگە نەوتییەکان دەردەچن، چەندین پۆند و بەنداویان دروست کردوون و هەروەها کاریان بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بە پێویستی دەزانێت "هەنگاوی زیاتر بنێین و لە هەمووان گرنگتر، بەهێزکردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزییە لەنێو گەلی خۆماندا؛ بۆ ئەم چەندەش ڕۆڵی ڕاگەیاندن، پەروەردە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت ڕۆڵی خێزان و بنەماڵە گرنگە".

سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا

ڕۆژی پێنجشەممە، 30-05-2024، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردە عێراقییەکان کۆبووەوە. دواتر لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) سەردانەکەی بە "بەرهەمدار" ناوبرد.

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، "بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا دانوستانمان لەسەر چارەکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد".

 

کۆبوونەوەی سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ سه‌رۆكوه‌زيرانى فيدراڵ لە بەغدا (وێنە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان)
کۆبوونەوەی سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ سه‌رۆكوه‌زيرانى فيدراڵ لە بەغدا (وێنە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان)

 

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، لە بەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی گوتووە، "جێگەی داخ و دڵتەنگییە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە و قەیرانە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کورستان و فیدراڵیدا دەکەین. پێویستە ئەم مافانە، سرووشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی ڕاگەیاندن".

مەسرور بارزانی گوتی، بە بەرپرسە عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، "با بەیەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنێین تاوەکو ڕکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیهان بکەین. هەروەها با لە هەموو ڕوویەکەوە وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین".

سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، "وڵاتەکەمان، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و سامانی سرووشتی و ماددی زۆرمان هەن، تەنها ئیدارەدانێکی باشترمان پێویستە تاوەکو بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان. هیوادارم چی دیکە کاتەکمان بۆ دروستکردنی گرفت و کێشە و ناکۆکییەکان نەفەوتێنین  و هەموومان ڕکاربەری بکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان و بەرەوپێشبردنی ئاوەدانی وڵاتەکەمان".

Fly Erbil Advertisment