گروسی: هیچ بەڵگەیەک نییە ئێران بووبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

رافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم
رافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکییان لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنێت  کە ئێران بووبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ڕافایل گرۆسی نیگەرانیی ئاژانسەکەی نەشاردەوە و ڕایگەیاند، ئێران ئەگەر بڕیاری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات، بە دڵنیاییەوە سەرجەم کەرەستەکانی دروستکردنی ئەو چەکەی لەبەردەستدایە، بەڵام بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم قورسە کە بڵێین ئێران لەبارەی چەکی ئەتۆمەوە بە چ قۆناغێک گەیشتووە،  زۆرینەی ئەو قسانەی دەکرێن، تەنیا پێشبینی و گومانن.

گوتیشی: بە بەرپرسانی ئێرانم گووتوە، ئەگەر لە نزیکەوە وێستگە ئەتۆمییەکان نەبینین، ناتوانین بڕیار لەسەر بڕی پیتێنراو بدەین و هیچ قسە و زانیارییەکیش لەبارەوە بدەین.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێت: دۆخی ئێستا لە ساڵی 2015 زۆر جیاوازە، ئەوکات زۆرینە زانیارییەکان لەسەر بابەتی ئەتۆمی ئێران بەردەستبوون، بەڵام ئێستا هەموو شتەکان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنە؛ ئاشکرایە ئێران توانای پیتاندنی ماددەی ئەتۆمی هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەستدا نییە تا بیسەلمێنین ئێران چەکی ئەتۆمی هەیە.

هەروەها نیگەرانیی خۆیی دەربڕیوە لەوەی ئێران ئەگەر بڕیار بدات، ئەوە هەموو کەرەستە و پێداویستییەکی لەبەردەستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، کەمال خەرازی سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیجیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران لە سێیەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی ئێران و عەرەبی بۆ هاوکاری و کارلێک، ڕایگەیاند، "زەقترین پرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕی غەززەیە، دەبێت هەمووان هەوڵی ئەوە بدەن ئەم شەڕە بوەستێنن".

گوتیشی: "بەداخەوە ئەم شەڕە بە پشتیوانیی ئەمەریکا و ئەورووپا بەردەوامە، ئەوان چەکی کوشندە بۆ ئیسرائیل دابین دەکەن".

ڕاشیگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشەی لێبکرێت، ڕەنگە ئەوانیش بیرکردنەوەی خۆیان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی بگۆڕن و ڕوو لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بکەن. تاوەکوو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران تاوەکوو ئیستا بانگەشەی ئەوە دەکەن بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەیان پرۆگرامێکی ئاشتیانەیە و نیازیان نییە چەکی ئەتۆم دروست بکەن.

 

Fly Erbil Advertisment