لەسەر داواکاری عێراق، ئەرکی یۆنامی کۆتایی دێت

لۆگۆی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)
لۆگۆی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)

دوای 22 ساڵ لە دامەزراندنی یۆنامی لەسەر داواکاری عێراق، کۆتایی ساڵی 2025 ئەرکەکەی کۆتایی دێت، سەرۆکی یۆنامی لە ئایاری ئەمساڵ دوایین ڕاپۆرتی پێشکەشکرد و گوتی، عێراق وڵاتێکی ئاڵنگاری و هەروەها دەرفەتی گەورەی لە بەردەمە.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆتایی هاتنی ئەرکی یۆنامی واتای ئەوە نییە، پەیوەندی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان کۆتایی دێت.

جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، دوای 20 ساڵ لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی عێراق لە دوایین قۆناغی کارەکانیدایە، هەروەها لە ئایاری ئەمساڵ سەرۆکی نێردەکە لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئەمە دوایین ڕاپۆرتی دەبێت لە ئەنجوومەنەکە وەک نوێنەری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق.

پلاسخارت گوتی، "خۆشحاڵم جارێکی دیکە دەتوانم گوتار پێشکەش بکەم بەر لەوەی ئەم مانگە پۆستەکەم جێبهێڵم، چەندین جار ئاماژەم بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق کردووە و هاوکات عێراق وڵاتێکە خاوەنی دەرفەتی گەورەیە، لە 18 مانگی ڕابردوو بە تایبەتی لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و بنیاتنان چەندین دەستپێشخەر و هەنگاوی گرنگ بەدیکراون".

هەروەها گوتیشی، "لە چەندین بابەتی دیکە وەک شوێنە گرنگەکەی عێراق، زیادکردنی وەبەرهێنان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، چاکسازی دارایی و ئابووری و پلان بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنی هاوەردەکردنی سووتەمەنی دەرفەت دەقۆستەوە."

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی کۆتایی هاتنی ئەرکی یۆنامی ڕایگەیاند، کۆتایی هاتنی ئەو ئەرکە بە واتای دابڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان نایەت.

ڕۆژی هەینی (31ـی ئایاری 2024)، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە کۆی دەنگ، لەسەر داواکاریی حکوومەتی عێراق، بڕیاری دا لە کۆتایی ساڵی 2025، کۆتایی بە ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) بهێنێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، 8ـی ئایاری ئەمساڵ، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەکی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و داوای کردبوو کۆتایی بە ئەرکی یۆنامی لە عێراق بهێنرێت.

سوودانی داواشی کردبوو، ساڵی داهاتوو نەتەوەیەکگرتووەکان دەست بکات بە ڕێوشوێنەکانی داخستن و کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق تاوەکوو لە کۆتایی 2025، بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکەکانی یۆنامی بهێنرێت.

زیاتر لە 20 ساڵە، یۆنامی لە عێراقدا کار دەکات و سەرۆکی نێردەکەش نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە پرسە سیاسییەکاندا، ڕۆڵی هەبووە لە لێکنزیک بوونەوەی لایەنەکان و لە هەڵبژاردنەکانیشدا، وەک چاودێکی نێودەوڵەتیی هاوکاری حکوومەتی عێراق بووە.

Fly Erbil Advertisment