سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: پێویستە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ژینگە بێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (5ـی حوزەیرانی 2024) ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە کرد و ڕایگەیاند: پێویستە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێت هەموو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی فەرهەنگی ژینگەپارێزی بخەینە گەڕ.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بابەتی ژینگەپارێزی کردەوە و گوتی: پێویستە ژینگەپارێزی ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سرووشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە: دەبێت وا بکەین نەوەکانی دوای ئێمەش بە باشی سوود لە سرووشتی کوردستان وەربگرن، چونکە ئەم سرووشتە بە تەنیا موڵکی ئێمە نییە و موڵکی نەوەکانی داهاتووشە، بۆیە پاراستنی و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکمانە.

دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پاراستنی ژینگە

ڕۆژی (10ـی تەمموزی 2019) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی کابینەی نۆیەمی خوێندەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، "ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستانە و کاردەکەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی. کاردەکەین بۆ بەکارخستنی سیستەمێکی پێشکەوتووی ڕیسایکل و چارەسەریی زبڵ و خاشاک و کەم کردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان".

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: کاری زۆرمان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و یەکەم ناوچەی عێراقین گازی بەفیڕۆدراو بۆ وزەی نوێ بەکار دەهێنینەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکان بەستەوە بە زیادبوونی دیاردەی کۆچ کە دەبێتە هۆی گۆڕانی دیمۆگرافی لە داهاتوودا، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: کۆچکردن لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، تەنیا لە هەرێمی کوردستان ناوەستێت و دەگاتە ئەورووپا، ئەگەر ئەو وڵاتانە ئێستا بەشداریی لەو کێشەیەدا نەکەن، لە داهاتوودا کۆچکردن بۆ وڵاتەکانیان؛ کێشەی ئەمنی، کولتووری، ئابووری و سیاسییشیان بۆ دروست دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژی (3ـی حوزەیرانی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێورەسمی دانانی بەردی بناخەی دوو پارک لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند: "بەداخەوە لە ڕووی سەوزاییەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا لە ئاستی پێویست و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە. هەر چەندە پارێزگای دهۆک لەم ڕووەوە لە ناوچەکانی دیکە باشترە؛ بەڵام پێویستە بایەخێکی زیاتر بە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بدەین".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەموو ئەو بۆنانەی پەیوەست بوونە پرسی ژینگە، هانی هاووڵاتییانی داوە کە پابەندی ژینگەپارێزی بن و جەختی کردووەتەوە: پاراستنی ژینگە، نابێت تەنیا ئەرکی حکوومەت بێت، بەڵکوو ئەرکی هەموومان بێت بەهاووڵاتییانیشەوە.

کابینەی نۆیەم چی بۆ ژینگە کردووە؟

گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ستراتیج هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نراوە و پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەت، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و دەستەی ژینگە جێبەجێدەکرێن.

هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، دیدگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستانێکی سەوز لە کار و پرۆژەکاندا ڕەنگیدایەوە: لەوانە قەدەغەکردنی سووتاندنی گازی کێڵگەکان، بەشێوەیەک: لە پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە 150 ملیۆن مەتر سێجا گازی زیانبەخش دەسووتێنرا و تێکەڵ بە هەوای پاک دەکرا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەمەی قەدەغە کرد.

هاوکات لە چوار ساڵی ڕابردوودا شەش ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانە سرووشتییەکان دروستکراوە، هەروەها دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن پورەی هەنگ و زیاتر لە سێ ملیۆن داری دارستان و باخداری چێندراوە و کەمکردنەوەی لێدانی بیرە نایاساییەکانیش بە ڕێژەی 90% کەمی کردووە، جگە لەمانە ئێستا پاشماوە پزیشکییەکان بە ئامێری تایبەت دەسووتێنرێن کە ڕێگریی لە تێکەڵبوونی دووکەڵ و پاشماوە ژەهراوەییەکان بۆ نێو کەشوهەوای کوردستان دەکات.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کارگەیەکی پێشکەوتووی ریسایکلینی قیری لە هەولێر کردەوە. کارگەکە بە گوێرەی ستانداردی ژینگەیی هاوچەرخ دروست کراوە و یەکەم کارگەیە لەو جۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەوێتە کار. لە کردنەوەی ئەو پرۆژەیەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پرۆژەیە جەخت لە پابەندبوونی حکوومەت بە پاراستنی ژینگە و چاکسازیی ئابووری دەکاتەوە.

لە ڕووی یاساییەوە، لە ساڵی 2022، حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 14ـی پەسەند کرد کە تایبەتە بە پاراستنی ئاژەڵە کێوی و بێسەرپەرشتەکانە لە مامەڵەی ناتەندروست. هەر لەو ساڵەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 4ـی تایبەت بە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبوونی پیشەسازی یان گۆڕینی تۆپۆگرافی دروستکراوی مرۆڤ پەسەند کردووە.

بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک

لە کەرتی کارەباشدا لە هەرێمی کوردستان، لە سێ سەرچاوەی وزەی پاك کارەبا بەرهەم دەهێندرێت کە بریتین لە کۆمباین سایکڵ، وزەی خۆر و ئاو. ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاك لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20%ـی تێکڕای ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.

بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە وزەی پاک لە بەرهەمهێنانی کارەبا، لە مانگی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆری لە هەرێمی کوردستان دانا.

پرۆژەکە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە توانای 25 مێگاوات جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە لە ساڵی 2024 تەواوبکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەشێکە لە دیدگای سەرۆکوەزیران و ڕوو کردنە ئاراستەی وزەی نوێ و دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردین.

لەمیانی دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هیوادارم ئەم ھەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کردنی پرۆژەی هاوشێوە لە داهاتوودا و لە سەرانسەری شارەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

بەپێی خەمڵاندنەکان، هەر یەک مێگاوات کارەبا کە لە وزەی خۆر بەرهەم دەهێندرێت لە هەر کاتژمێرکدا، ڕێگریی لە تێکەڵبوونی 350 کیلۆگرام گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لەگەڵ هەوا دەکات. بە گشتی، لە ڕێگەی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی پاکەوە، لە هەر ڕۆژێکدا ڕێگریی لە تێکەڵبوونی چوار هەزار و 800 تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەکرێت لەگەڵ هەوای خاوێنی کوردستان.

دروستکردنی گۆل (پۆند) و بەنداو

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی بە دروستکردنی گۆل و بەنداو لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان داوە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و ڕووبارەکان. گۆلەکان وەک کۆکردنەوەی ئاو بۆ وەرزی هاوین سوودیان لێ وەردەگیرێت، کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کەرتی ئاژەڵداری دەپارێزن، جگە لەوەی ڕێگریی لە لافاو و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان، حکوومەت دەستی بە دروستکردنی زیاتر لە 200 گۆل و بەنداو کردووە، بە جۆرێک ئێستا 21 بەنداو و 118 گۆل هەن. ئەم گۆل و بەنداوانە بۆ چەندین مەبەست سوودیان لێ دەبینرێت لەوانەش، گلدانەوەی ئاو، بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێریی و گەشتیاریی.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان و بایەخدان بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی بەتایبەتی لە ناوچە پیشەسازییەکان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان کە لە قۆناغی دروستکردندان یاخود پێشتر تەواوکراون. بە تەرخانکردنی ڕێژەی پێویست بۆ سەوزایی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە و کەشوهەوای کوردستان دەبێت، بۆ ئەمەش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر.

زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی

سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، ڕێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ زیاتر لە 20% بەرزبووەتەوە، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیجی کردووە کە تاوەکو ساڵی 2030 بتوانن 100 ملیۆن داربەڕوو لە سنووری پارێزگای هەولێر بچێنن، لە قۆناغی ئێستادا زیاتر لە 300 هەزار داربەڕوو چێندراون و پرۆژەی هاوشێوەش لەسەر ئاستی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و بەردەوامیشە.

لەگەڵ ئەوەشدا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی داناوە کە هەر پرۆژەیەک کە مۆڵەتی وەرگرت، دەبێت ڕووبەری لە 25%ـی پرۆژەکەی بکاتە سەوزایی، بەڵام ئەوانەی ئەو ڕێژەی پڕۆژەکەیان نەکردووەتە سەوزایی، دەبێت لە "پرۆژەی لەبری سەوزکردن" بەشداری بکەن کە پێویستە لە بری پڕۆژەکەی خۆی، شوێنێکی دیکە بکاتە سەوزایی بەو مەرجەی لەژێر چاودێری خۆیدا بێت و بایەخی پێ بدات، هاوکات لە بەرنامەدایە، ئەم پرۆژەیە قوتابخانەکان و زانکۆکانیش بگرێتەوە.

ڕۆژی (14ـی ئایاری 2024) پارکێک لەسەر ڕووبەری 150 هەزار مەتر دووجا لەسەر شەقامی 150 مەتری هەولێر کرایەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی نووسینگەکەی، سێ ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەکە تەرخان کرا و  پرۆژەی پارکەکە بریتییە لە 60 هەزار داری گەورە و بچووک، 20 هەزار گوڵ و ڕووبەرێکی فراوانی سەوزایی.

هەروەها ڕۆژی (21ـی ئایاری 2024) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر بودجەی تایبەتی نووسینگەکەی، بە گوژمەی 15 ملیار دینار لەسەر ڕووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر دووجا، پارکی ڕەشکین لە شاری هەولێر دروست دەکرێت.

هاوکات ڕۆژی (3ـی حوزەیرانی 2024) لە پارێزگای دهۆک، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناخەی هەردوو پارکی ئالۆکا بە ڕووبەری یەک ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجا و پارکی سەرهەڵدان بە ڕووبەری 130 هەزار مەتر دووجا، دانا؛ هەردوو پارکەکە بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دروست دەکرێن.

Fly Erbil Advertisment