چەند ناوچەیەکی بەغدا نقومی زبڵ و خاشاک بووە
کەڵەکە بوونی زبڵ و خاشاک چەندین ناوچەی بەغدای تەنیوە و بەدەر دیمەنی قێزەون و بۆنی گەنیو، بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی، ناوچەی عەدەن لە باکووری شاری بەغدا یەکێکە لەو ناوچانەی بووتە یەکپارچە لە کەڵەبوونی پیسی و خاشاک.
مونا هادی کە بە ژنە خوێ فرۆشەکە لە ناوچەی عەدەن ناسراوە، بە هۆی ناتەندروستی و کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک بە چواردەوری خوێکەی ڕێگەی نەدا تیمی کوردستان24 دیمەنی شوێنی فرۆشتنی خوێکەی پیشان بدەین.
ئەو لە ناوچەی عەدەن نزیک ڕێگەی هێڵی شەمەنەری بەغدا - بەسڕا نیشتەجێیە و نیگەرانە لەوەی کە شارەوانی بەغدا ڕۆژانە زبڵ و خۆڵ و خاشاکی گەڕەکەکەیان کۆناکاتەوە، بۆیە تووشی چەندین جۆر نەخۆشی بوون.
ژنە خوێ فرۆشەکە ( مونا هادی) بۆ کوردستان24 گوتی "من زۆر ماندووبووم نەخۆشم، لە بەردەم ماڵی خۆم خوێ دەفرۆشم کەچی زبڵەکە لە نزیکی خوێکە فڕێ دەدەن، حکوومەتیش لەبەر شەمەنەفەرەکە ڕێگە نادات چوار دەوری خوێکە سیم بکەم ، ژیانمان زۆر خراپە ئەوە ماڵەکەمە هەموومان بەهۆی ئەم زبڵەوە تووشی نەخۆشی بووینە، ئەرکی شارەوانییە ڕۆژانە ئەم زبڵ وخاشاکە لابەرێت"
عێڕاق لەڕیزی پێنجەم وڵاتانی جیهانە کە کەشوهەواکەی هەرسی هێناوە و کەوتووەتە بەردەم مەترسی و لێکەوتەکانی وشەساڵی و بە بیابانبوون، جیا لەمەش بەهۆی کەمتەرخەمی و ململانێی ناوخۆیی سیاسیی و مەزهەبییەوە چەندین گرفتی دیکە بۆ ژینگە و پێکهاتەی کۆمەڵگە و کۆمەڵایەتییەکەی دروست بووە، بەو هۆیەوە نزیکەی 20 هەزار کەس لە 10 پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق شوێنی نشتەجێبوونی خۆیان جێهێشتووه.
گوڕانکارییەکانی کەشوهەوا تەنگی بە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق هەڵچنیوە و وەزیری ژینگەی عێڕاقیش لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات هەرچی زووە بە فریای عێڕاقەوە بێن و لە پیسبوونی ژینگەکەی ڕزگار بکەن.
نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق لەو گوتارەی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگەوە پێشکەشی کرد گوتی "هۆشداریمان داوە کە پێویستە عێراق لە خێرا بە بیابانبوون بپارێزین، چونکە لێکەوتەکانی وشکە ساڵی و دیاردەی خۆڵبارین تا دێت زیاد دەکات، زۆرینەی دەریاچە و ڕووبارەکانی وشکیان کردووە عێراق تووشی قەیرانێکی ڕاستەقینەی کەم ئاوی بووەتەوە و ژینگەکەمان زۆر پیس بووە، دەبێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە هانای گەلی عێراقەوە بێن".
بە گوێرەی توێژینەوەی ئەنجوومەنی نەوریجی بۆ پەنابەران کە ساڵی ڕابردوو لەسەر ژینگە و ژیان و بژێوی عێراقییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار کردوویەتی دەرکەوتووە بەهۆی لێکەوتەو و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا %60 جوتیارانی عێراقی ناچارن ڕووبەرێکی کەمی زەوی دابچێنێت.
هەروەها ئاماژەیداوە، بەهۆی کەمبوونەوەی کاری کشتووکاڵی، ئاسایشی خۆراک لە عێراق کەوتووەتە بەردەم مەترسی و چوار لە پێنجی عێراقییەکان ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەیدا، ڕێکخراوە نەرویجییەکە ئاماژەی بە سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگەی عێراق کردووە و دەشتی نەینەوای زەق کردووەتەوە، بە تایبەت جوتیارانی سنووری شنگال و بەعاج کە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی لەلایەک، لە لایەکی دیکەش بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە یەک لە چواری جوتیارەکان ناچاربوون ناوچەکانیان جێبهێڵن.