گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵ دروست کردووە

جیهان لەبەردەم هەڕەشەی گەورەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکاندایە، هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەو هەڕەشەیە بێبەش نییە، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن گەورەترین هەڕەشە لەسەر ژینگە بریتییە لە کەرتی پیشەسازیی و دەردانی گازە زیانبەخشەکان.
كاتێك لە ئاسمانەوە سەیری بازیان دەكەیت تا چاوپڕكات ئەو خانووە پلاستیکیانە دەبینیت كە لە ژێر هەریەكەیان ساڵانە زیاتر لە 10 تۆن بەرهەمی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، پرۆژەیەكی تایبەتە بە بەرهەمهێنانی خەیار، لێكەوتەكانی هاتنی شەپۆلە پچڕ پچڕەكانی باران و بەرز و نزمی و ناجێگیری پلەی گەرمی ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئەو بەرهەمانە كردووە كە لە خانووە پلاستیكیەكان بەرهەم هێنراون.
بەهرۆز كەمال، کە پیشەی جووتیارییە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "نەخۆشییەکان ئەوەیە بەرهەمەکە تووشی کەڕوو دەبێت، کە پێی دەگوترێت "فیتڕی" و لە شێ دروست دەبێت، هەروەها گەشەشی کەمتر دەبێت، بەرهەمهێنانی خانووی پلاستیکی تاوەکو گەرم بێت بەرهەمەکەی ناوی زیاتر گەشە دەکات، بەڵام لێرە کەشوهەوا سارد و شێی زۆربوو، کە شێش زۆربوو گەشە کەم دەبێت".
بازیان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بە خاكێكی بەپیت بۆ بەرهەم هێنانی سەرجەم بەرهەمە كشتوكاڵیەكان دادەنرێت لە 60% بۆ 70% خانووە پلاستیكیەكانی پارێزگای سلێمانی دەكەوێتە بازیان، ئەو بەرهەمانەی لە ناو خانووە پلاستیكیەكان بەرهەم دەهێنرێن، بریتین لە "خەیار، تەماتە، بیبەر، باینجان" لە 80%ـی پرۆژەكان خەیاری تێدا بەرهەم دەهێنرێت، کە ساڵانە بەهۆی بەرزی ئاستی بەرهەم هێنانی بۆ سەرجەم پارێزگاكانی عێراق هەناردە دەكرێت .
جووتیارێکی دیکە بەناوی محەممەد حوسێن، گوتی: "بەرهەمی خەیاری بازیان پلە یەکە، زۆربەی جووتیارە کۆنەکانی سەڵاحەددین و ئەنبار و بەغدا دێنە لای برا کوردەکانیان و لێرە کشتوکاڵ دەکەن، پشت بەخودا هەموومان وەکو برا کشتوکاڵ دەکەین".
گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا تەنها كاریگەری لەسەر ئەو بەرهەمانە نەكردووە كە لە ناو خانووی پلاستیكی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵكو گرفتی بۆ بەرهەمە بەرئاوەكانیش دروست كردووە.
تەحسین موحسین، ئەندازیاری كشتوكاڵی دەڵێت: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر کشتوکاڵیش هەیە، بۆ نموونە، ساڵانی ڕابردوو لە 20-5، باران نەدەما، بەڵام ئەگەر ئەمساڵ سەیری بکەین تاوەکو ئێستاش باران ماوە، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر کشتوکاڵ هەیە.
بە گوێرەی داتاکانی كشتوكاڵیی بازیان، ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی لە شارۆچكەكە نزیکەی 53 هەزار دۆنم زەوییە، لەو رووبەرەش 15 هەزار و 913 دۆنمی زەوی دێمە و 42 هەزار و 915 دۆنمیشی زەوی بەراوە.