حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە ھەرێمی کوردستان کەمی کردووە

ڕادیۆی هێلین
ڕادیۆی هێلین

لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکان و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆکاری سەرەکی کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە خانمان بووە ، چالاکوانانی بواری خانمانیش ئەو گۆڕانکارییانە باس دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکەن، خانمان ئیستە بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو هۆشیارتر بوونەتەوە و ماف و ئەرکی خۆیان دەناسن و بۆ کەمکردنەوەی جۆرەکانی توندو تیژیش هەوڵی زیاتر دەدەن.

11 ساڵە ئەم ڕادیۆیە بووەتە بڵندگۆی دەنگی خانمان لە هەرێمی کوردستان، 24 کاتژمێر کارکردن بۆ هۆشیاری و ڕۆشنبیر کردنی خانمان

ڕۆژانە بە بەرنامە و پلانی جیاواز بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی مافی خانمان، ئەم ڕادیۆیە پەخشی خۆی دەکات، بەو جۆرەی بەڕێوبەری ڕادیۆکە باسی دەکات، توانیویانە لەم سەردەمە برۆنە و ناو مالەکان و بمجۆرە خزمەتی خانمانی کورد بکەن.

دلڤین شەماڵ، بەڕێوەبەری ڕادیۆی هێلین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر ئێمە سەیرکەین ئافرەتانی کوردستان ئەرک و مافی خۆی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا توانیومانە ببینە هاوکار لەگەڵ هاوسەر و برا و باوکی خۆمان، ئامانجیشمان ئەوەیە کە هۆشیاری لەناو تاکی خێزاندا بڵاو بکەینەوە، کە چۆن خێزان بپارێزین و بەبێ جیاوازی لەناو هەردوو ڕەگەزدا هاوکاری یەکتر بکەن.

گەرچی خانمانی کورد لە دێرزەمانەوە هاوشانی پیاوان، لە زۆربەی بوارەکان هەنگاویان ناوە ، بەڵام وەک چالاکوانێکی بواری خانمان کە ماوەی 15 ساڵە لەو بوارە کار دەکات، هەوڵەکانی حکوومەت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی پێگەی خانمانی زیاتر بەرزکردوەتەوە.

لیا سەیفەدین، چالاکوان دەڵێت، "لە ساڵانی ڕابردوودا لێدان و زەبرو زەنگ و بەشوودان و دوورخستنەوە لە خوێندن و کۆمەڵێک توندتیژی هەبوو، دواتر لەگەڵ کرانەوەی کۆمەڵگا و ئەو تەوژمەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد، جۆری توندوتیژییەکان گۆڕاوە، بەتایبەت لە ئێستەدا کە توندوتیژی ئەلیکترۆنی هەیە. بەڵام هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە نەوەستاوە، بەردەوام لە هەوڵدایە، بەتایبەت سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمن و ئاسایشێکی تایبەت بە ئافرەتان هەبێت.