کۆمپانیایەکی وەهمی بەناوی گەشت بۆ سووریا قۆڵی نزیکەی 200 کەس دەبڕی

کۆمپانیایەکی ساختە لە نەجەف بەناوی گەشت بۆ سووریا، قۆڵی دەیان کەس دەبڕێت و زیاتر لە 100 ملیۆن دینار دەبات.
سەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆیی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، نزیکەی 200 کەس لە خەڵکی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەلایەن کۆمپانیایەکی وەهمی و ساختە هەڵخەڵەتێندراون و زیاتر لە 100 ملیۆن دیناری عێراقییان لەو خەڵکە وەرگرتووە بە ناوی ڕێکخستنی گەشت بۆ سووریا، بەڵام دواتر کۆمپانیاکە نەماوە و پارەکەشی هەمووی بردووە بێ ئەوەی هیچ کەسێک زانیاریی لەبارەیەوە هەبێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە لە شاری نەجەف بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمانیاکە دەستگیر بکەن، بەڵام دادوەری لێکۆڵینەوە بە کەفالەی ماددی ئازادی کردووە، لە کاتێکدا زیاتر لە 40 داوای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە.