ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران ئەمڕۆ لەبارەی کاندیدانی سەرۆککۆماری نوێ بڕیاردەدات

ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی هەڵسەنگاندنی شیاوێتیی کاندیداکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانە لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور. گوتەبێژی بەرەی ڕیفۆرمخوازانیش دەڵێ: دوای پەسندکردنی شیاویی کاندیداکانیان، خۆیان یەکلایی دەکەنەوە و تاکە کاندیدای بەرەکەیان هەڵدەبژێرن.
ئەمڕۆ شەممە 8ی حوزەیرانی 2024، کۆتا ڕۆژە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور ئەنجامی وردبینییەکانی لەسەر ئەو 80 کانیدیدایە ڕابگەیەنێت کە خۆیان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی خولی 14ـەمین سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناونووس کردووە.
بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییەکان، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران پێنج ڕۆژ مۆڵەتی هەیە شیاوبوونی ئەو کاندیدانە هەڵسەنگێنێت و لیستی کۆتاییی ناوی کاندیدەکان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت، ئەگەر لەو ماوەیەشدا پرۆسەکە تەواو نەبێت، مۆڵەتی هەڵسەنگاندن، پێنج ڕۆژی دیکە درێژ دەکرێتەوە.
پێشتر هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور ڕایگەیاندبوو، هەموو هەوڵێک دەدەن لە پێنج ڕۆژدا پرۆسەی هەڵسەنگاندنەکە کۆتایی بێت و ناوی کاندیدە پەسندکراوەکان ڕادەگەیەنن.
لەلایەکی دیکەوە جەواد ئیمام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، عەباس ئاخوندی، مەسعوود پزیشکیان، ئیسحاق جیهانگیری و حەمیدە زەڕئابادی وەکوو کاندیدی بەرەی ڕیفۆرمخواز بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران هەڵبژێردراون.
جەواد ئیمام ڕوونیشی کردووەتەوە، دوای پرۆژەی پەسندکردنی شیاویەتیی کاندیدەکان لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە لەنێو ئەو کاندیدانەدا کاندیدی کۆتاییی بەرەکە هەڵدەبژێردرێت.
هەرچەند لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، شیاویەتیی بەشی زۆری کاندیدەکانی بەرەی ڕیفۆرخوازی ڕەت کردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت بۆ بردنەسەری ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەم دەنگدانەدا نەرمی بنوێنێت.
ماڵپەڕی نووریش پێشبینیی کردووە شیاویەتیی محەمەدباقر قالیباف، عەلی لاریجانی، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، عەلی نیکزاد، شەمسەدین محەمەدی، ئیسحاق جیهانگیری و ئەمیرحسێن قازیزادە هاشمی وەکوو هەشت کاندیدی کۆتایی پەسند بکرێت.