دەستپاکیی عێراق: 10 ملیار دینار گەندەڵی و زێدەڕۆیی لە گرێبەستی دابینکردنی ئامێری پزیشکی کراوە

دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی گەندەڵی و زێدەڕۆیی لە گرێبەستێکی دابینکردنی ئامێری پزیشكی لە تەندروستی پارێزگای کەرکووک کە بەهای گرێبەستەکە زیاتر لە 10 ملیار دینارە ، ئاشکرا دەکات.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، لەرێگەی لێژنەیەکی نووسینگەکەیان لە کەرکووک، بۆیان دەرکەوتووە گەندەڵی و زێدەڕۆیی لە چەند گرێبەستێکی کڕینی ئامێری پزیشکیی یەکێک لە کۆمپانیاکانی گشتیی بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی فەرمانگەی تەندروستی لە کەرکووک کراوە.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ئاماژە بەوە دەکات گرێبەستەکان لەلایەن کۆمپانیایەک بەناوی کیمیادیا لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا بازرگانییەکان کراوە بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی بۆ فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک ، ڕوونی دەکاتەوە، لەلایەک زێدەڕۆیی کراوە و لەلایەکی دیکە رەچاوی کوالێتی ئامێرەکان نەکراوە ، لەکاتێکدا بەهای گرێبەستەکە پێنج ملیۆن و 697 هەزار و 870 دۆلار بووە ،هەروەها ئامێرەکان بەر لە تەواوبوونی ماوەی گرەنتیکردنیان، بەشێکیان لەکارکەوتوون و بەشێکی دیکەیان کاریان نەکردووە، کە هەندێکیان ئامێری جۆری پشکنینی سۆنار بوون.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی زیاتر روونی دەکاتەوە، زێدەڕۆیی لەسەر کڕینی چەند ئامێرێکی دیکە بۆ تەندروستی کەرکووک بە بەهای دوو ملیار و 689 ملیۆن دینار کراوە، جگە لە تۆمارکردنی چەندین پێشێلکاری لە رێوشوێنەکانیدا.
هەروەها دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی رایدەگەیەنێت ، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەست بەسەر رەشنووسی گرێبەستەکاندا گیراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تەندروستی کەرکووک، سێ گرێبەستی دیکە بە بەهای 96 ملیۆن دینار بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی پەیوەست بەپشکنینی خوێن و بانکی خوێندا کراوە، بەڵام بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان و وردبینیکردن لە گرێبەستەکان و ڕێوشوێنەکاندا، دەرکەوتووە کە بەشێوەیەکی ستاندارد بۆ نەخۆشخانەی حەویجە نەگواستراونەتەوە.
هەروەها 28 ئامێری جیاکردنەوەی سیرۆم لە خوێن و 28 ئامێری دیکەی پشكنینی ئاستی کەمخوێنی کە بە بڕی 187 ملیۆن و 610 هەزار کڕدراون زێدەڕۆیی لە کڕینیاندا کراوە.
دەستەی دەستپاکی جەخت لەوەش دەکاتەوە، کۆی مامەڵە داراییەکانی گرێبەستەکان رەوانەی دادوەری لێکۆڵینەوەی پەیوەست بە پەڕاوەکانی دەستەی دەستپاکی کراون، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی گونجاو.