کۆمپانیای نالیا هەڕەشەی بڕینی کارەبا لە دانیشتووانی گوندی ئەڵمانی دەکات

پڕۆژەی گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی
پڕۆژەی گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی

سەپاندنی بڕی هەزار دۆلار بەسەر هەر شووقەیەکدا بۆ بۆیاخکردنی رووکاری دەرەوەی باڵەخانەکان لە بەرانبەر هەڕەشەی بڕینی وزەی کارەبادا، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی لەنێو دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "گوندی ئەڵمانی" لە شاری سلێمانی دروست کردووە، لە کاتێکدا لایەنە چاودێرییەکان بەکارهێنانی کارەبا وەک کارتی گوشار بە کارێکی تەواو نایاسایی لە قەڵەم دەدەن.

"یان هەزار دۆلار بۆ بۆیاخکردنی باڵەخانەکان دەدەن، یان کارەبای ماڵەکانتان دەبڕدرێت"؛ ئەمە ئەو مەرج و فشارە نوێیەیە کە لە لایەن کۆمپانیای نالیاوە خراوەتە سەر دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "گوندی ئەڵمانی" لە شاری سلێمانی، کە بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی لەنێو خێزانەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا.

دانیشتووانی گوندی ئەڵمانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە داواکردنی ئەم بڕە پارەیە بەبێ رەزامەندیی ئەوان بەسەریاندا سەپێنراوە و، کۆمپانیاکە لە جیاتی لێکتێگەیشتن و رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی، پەنای بۆ هەڕەشەی بڕینی کارەبا بردووە وەک ئامرازێک تا ناچاریان بکات پارەکە بدەن. بە بڕوای دانیشتووان، کێشەکە تەنیا لەسەر بۆیاخکردنی دیوارەکان نییە، بەڵکوو پرسیار لەسەر بنەمای یاساییی ئەم تێچووە و مافی کۆمپانیا دەکەن لە بڕینی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی ژیان.

بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند: بڕینی کارەبا لە هاووڵاتییان بە تەواوەتی نایاسایییە و وەک کارتێکی گوشار بەکاردەهێنرێت؛ پێشتریش لەسەر ئەم جۆرە بابەتانە نووسراوی فەرمیی داواکاری گشتیمان پێگەیشتووە و تێیدا روون کراوەتەوە کە هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو یان گاز لە هاووڵاتییان ببڕێت و، هەر لایەنێک کێشەیەکی هەیە دەبێت لە ڕێگەی دادگاوە پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی ببات.

سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە هاوکاتە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی سیتییەکان، ئەمەش وای کردووە دانیشتووانی گوندی ئەڵمانی هەست بەوە بکەن کە هیچ لایەنێکی بەڕێوەبەریی خاوەن دەسەڵات نییە تا داکۆکی لە مافەکانیان بکات.

لە لایەکی دیکەوە، کەمال سازانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی سیتییەکان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بە کێشە بنەڕەتییەکە کرد و گوتی: لە ماوەی رابردوودا کاتێک کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکران، بە داخەوە نەتوانرا لە چوارچێوەی یاسادا شوێنیان بۆ دیاری بکرێت و رێکبخرێن؛ پێشتر هەوڵمان دا لە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە ئەم بابەتە رێکبخەین، بەڵام چارەی بنەڕەتی ئەوەیە کە دەبێت ئەم دۆسیەیە لە پەرلەمانی کوردستانەوە لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی تایبەتەوە یەکلا بکرێتەوە تا مافی هەردوولا پارێزراو بێت.

ئێستا دانیشتووانی گوندی ئەڵمانی لە نێوان داواکاریی پێدانی هەزار دۆلار و هەڕەشەی تاریکبوونی ماڵەکانیاندا چاوەڕوانی دەستوەردانی بەپەلەی پارێزگای سلێمانی و دەسەڵاتی دادوەری دەکەن، تا پێش ئەوەی رووناکیی ماڵەکانیان بەهۆی کێشەی بۆیاخی باڵەخانەکانەوە بکوژێتەوە، سەروەریی یاسا بخرێتەگەڕ و چارەیەکی دادپەروەرانە بۆ ئەم تەنگژەیە بدۆزرێتەوە.